ئەمریکا پاکێجی سزای نوێی بۆ ئێران دەرکرد؛ ناوی پەیوەندیدار بە تورکیاش لە لیستدایە
وەزارەتی خەزینەداری ئەمریکا، به گومانی دابینکردنی پشتگیری دارایی بۆ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و حیزبوڵڵا، کەسان و کۆمپانیاکانی کاریگەر لە عێراق، لوبنان و تورکیا خستە ژێر سزا؛ سنووریش بۆ داواکاری مۆڵەتی پەیوەندیدار به ئێران دانرا.

Rastinewsوەزارەتی خەزینەداری ئەمریکا سزای نوێی لەسەر کەسان و دامودەزگاکانی عێراق، لوبنان و تورکیا دانا، به هۆی ئەوەی وا دادەنرێن پشتگیری دارایی بۆ چهکدارە پشتیوانکراوەکانی ئێران دەکەن.
بڕیار لە چوارچێوەی "عەمەلیاتی دوورخستنەوەی ئابووری"دا
ئەم بڕیارە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیەنرا، لە چوارچێوەی "عەمەلیاتی دوورخستنەوەی ئابووری"دا وەرگیراوە کە وەزارەتی خەزینەداری لە 24ی ئاب دەستی پێکردبوو. وەزارەتەکە ڕایگەیاند مەبەستی ئەم عەمەلیاتە بڕینەوەی ئەو کەناڵانەی داهاتەیە کە تاران بۆ دابینکردنی خەرجی جەنگ، پەرەپێدانی مووشەک، هێرشی سایبەری و گواستنەوەی سەرچاوە بۆ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (سپا) بەکاریدەهێنێت.
ئۆفیسی کۆنترۆڵی سامانە بیانییەکان (OFAC) ئەو کەسانە و دامودەزگایانەی خستووەتە سەر لیست، دهڵێت پشتگیری کاتائیب حیزبوڵڵایان کردووە، که گرووپێکی چهکداری شیعەی عێراقییە و لەژێر فەرماندەی سوپای پاسداران کاردەکات، هەروەها پشتگیری حیزبوڵڵای لوبنانیشیان کردووە.
ناوێکی پەیوەندیدار بە تورکیاش لە لیستدا
ئامیر ئەلمەکانسی، که بازرگانی زێڕ له سووریا دهکات و دهڵێن نووسینگەی له ئیستەنبوڵ هەیە، یەکێکە لەوانەی خرایە ناو لیستی سزاکان. وەزارەتی خەزینەداری ئەمریکا دهڵێت ئەلمەکانسی پشتگیری چالاکییە داراییە پەیوەندیدارەکانی حیزبوڵڵای کردووە. هەروەها ئەم وەزارەتە له 4ی ئەیلوولدا بانکێکی پەیوەندیدار به ئێران که له تورکیا کاردەکات، لهگەڵ دوو لقی، به هەمان هۆکار خستبووە ژێر سزا؛ به گومانی ئەوەی ئەم دامودەزگایانە دەیان ملیۆن دۆلار مامەڵەیان بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران ئەنجامداوە.
بێسنت: له سیستەمی داراییی ئەمریکا دەریاندهکهین
سکۆت بێسنت، وەزیری خەزینەداری ئەمریکا، ڕایگەیاند ئەم عەمەلیاتە ئامانجی ئەو کەسانه و دامودەزگایانەیە که هێشتا هاوکاری حکومەتی ئێران دەکەن و وتی: "ئێمە ئەمانە له سیستەمی داراییی ئەمریکا دەردەکەین."
داواکاری مۆڵەتیش تەنگ دەکرێتەوە
لایەنێکی دیکەی ئەم بڕیارە پەیوەندیدارە بە مۆڵەتەکانی مامەڵەی پەیوەندیدار به ئێران. ئۆفاک ڕایگەیاند جگە له حاڵەتی نائاسایی، زۆربەی داواکاریی نوێی لەم جۆرە ڕەت دەکرێنەوە، هەروەها بەشێکی زۆری داواکارییە هەنووکەییەکانیش که لهژێر لێکۆڵینەوەدان، دەستیان پێکردووە ڕەتیان بکەنەوە. وەزارەتەکە ڕایگەیاند ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت تاوەکو "گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوت"ی ئێران ببینرێت، له بابەتەکانی وەک داخستنی تەنگاوی هۆرمز، هێرش لە دژی کارمەندانی ئەمریکا لە کەنداو، و بەرنامەی چەکی نیوکلیی و ئاسایی. هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتایی هاتنی ئەم سیاسەتە ڕانەگەیەنرا.
لە دۆسیەیەکی جیاواز، ڕێکەوتنێکی 1.43 ملیۆن دۆلاری
وەزارەتی خەزینەداری هەر لەو ڕۆژەدا ڕایگەیاند هاوڵاتییەکی ئەمریکی ڕازیبووە 1.43 ملیۆن دۆلار بدات، سەبارەت به 39 مامەڵە که دهڵێن پێشێلکاریی سزاکانی ئێرانیان تێدا کراوە. وەزارەتەکە ڕایگەیاند ئەم پارەدانە بەشێکە له ڕێکەوتنێک بۆ لابردنی بەرپرسیارێتی یاساییی ئەگەری ئەو کەسە.
ئەمریکا له کۆتایی ئاب "عەمەلیاتی دوورخستنەوەی ئابووری"ی دژی ئێرانی دەستپێکردبوو، بۆ زیادکردنی فشاری ئابووری لەسەر تاران. واشنتن له چوارچێوەی ئەم عەمەلیاتەدا لهم هەفتانەی دواییدا چەند دامودەزگایەکی دارایی پەیوەندیدار به ئێران که له تورکیا کاردەکەن، یەک لەدوای یەک خستووەتە ژێر سزا.
