زەلێنسکی: ڕووسیا بڕیاری داناوە تا 50 هەزار سەربازی کۆریای باکووریش لە خاکیدا دابنێت

Rastinewsسەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زەلێنسکی ڕایگەیاند کە بڕیار دراوە لە نێوان 30 هەزار تا 50 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە خاکی ڕووسیا دابنرێن، هەروەها گوتی پیۆنگیانگ لە ڕێگەی ئەو جەنگەی ڕووسیا بەرەوپێشی دەبات، ئەزموونی جەنگی سەردەمیانە بەدەست دەهێنێت. زەلێنسکی هەروەها گوتی مۆسکۆ هەوڵدەدات بە لابردنی سیستەمە بەرگری ئاسمانییەکانی لە هەموو خاکی ڕووسیا، پایتەختەکەی بپارێزێت.
زەلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی "یونایتێد نیوز" گوتی ڕووسیا هێڵێکی بەرگری ئاسمانی سێ چینەیی لە دەوروبەری مۆسکۆ دروستکردووە.
زەلێنسکی ڕایگەیاند کە ڕووسیا بۆ دروستکردنی ئەم هێڵی بەرگرییە، سیستەمە بەرگری ئاسمانییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات هێناوەتەوە دەوروبەری مۆسکۆ، هەروەها گوتی هەمان بارودۆخ بە شێوەیەکی بچووکتر بۆ سانت پیتەرزبۆرگیش ڕوودەدات.
زەلێنسکی گوتی سەرەڕای ئەو چڕی سیستەمە بەرگری ئاسمانییانەی ڕووسیا، ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاکانی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەوان، گوتی: «هەرچەندە بەرگری ئاسمانیت زۆر بێت، لە کۆتاییدا تەقەمەنیت تەواو دەبێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوە.»
زەلێنسکی ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر هێڵە لۆجیستییەکانی ئۆکرانیا، ئۆکرانیاش چالاکی دژی ژێرخانی لۆجیستی ڕووسیا ئەنجام دەدات، هەروەها گوتی ئەم چالاکیانە نزیکەی 1 تریلیۆن ڕووبڵ زیانیان بە ڕووسیا گەیاندووە.
«پوتین خۆی بۆ سەفەربەرکردن ئامادە دەکات»
زەلێنسکی گوتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین پێویستە سەرکەوتن بە گەلەکەی خۆی «بفرۆشێت»، بەڵام ناتوانێت ئەم سەرکەوتنە لە ئۆکرانیا بەدەست بهێنێت.
زەلێنسکی گوتی پوتین ئەو مەرجانەی ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد ترامپ لە شاری ئانکۆریجی ئالاسکا دەرکەوتبوون، بە شێوەیەکی چەوت شیدەکاتەوە، هەروەها گوتی: «کەس ناتوانێت گەرەنتی بکات ئەم پیاوە (پوتین) دواتر هەنگاوی زیاتر نانێت.»
هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشدا کە پوتین خۆی بۆ سەفەربەرکردنێکی نوێ ئامادە دەکات.
زەلێنسکی گوتی کرێملین لەوانەیە هەوڵبدات ئەمە بێ ڕاگەیاندنی فەرمی سەفەربەرکردن ئەنجام بدات، هەروەها گوتی: «پوتین بیردەکاتەوە چۆن گەلی خۆی هەڵبخەڵەتێنێت.»
«لە نێوان 30 تا 50 هەزار سەربازی کۆریای باکوور دادەنرێن»
زەلێنسکی گوتی پشتگیری سەربازی کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا زیادی کردووە.
زەلێنسکی ڕایگەیاند کە کرێملین بڕیاری داناوە لە نێوان 30 هەزار تا 50 هەزار کەس لە کۆریای باکووریش دابنرێن، هەروەها گوتی سەربازانی کۆریای باکوور لە ڕێگەی ئەو جەنگەی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بەرەوپێشی دەبات، ئەزموونی جەنگی سەردەمیانە بەدەست دەهێنن.
«ئامانجمان بەهێزکردنی هاوکاریمانە لەگەڵ کۆریای باشوورە»
زەلێنسکی گوتی لە بەرامبەر هاوکاری سەربازی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا، ئامانجیان بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ کۆریای باشوورە.
زەلێنسکی گوتی بە تایبەتی داوای پشتگیری کۆریای باشووریان کردووە لە بواری سیستەمە بەرگری ئاسمانییەکاندا، هەروەها گوتی ئۆکرانیا ئامادەیە لە بواری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیشدا (ئیدا) هاوکاری بکات.
