فەتی یلدز: هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و YPGیش لەناو یاسای پرۆسەیە

Rastinewsجێگری سەرۆکی گشتی مەهەپە فەتی یلدز ڕایگەیاند کە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و YPGیش لەناو چوارچێوەی «یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی»دایە.
یلدز ئاماژەی بە قسەکانی مەحمود بەرهودان، بەرپرسی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆبانی، دا کە بۆ ڕۆژنامەی تورکیا ئەنجامی دابوو.
بەرهودان ڕایگەیاندبوو نزیکەی ١٠ هەزار جەنگاوەر پەیوەندییان بە سوپای سووریاوە کردووە و وتبووی: «لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هەڵوەشاندنەوەی YPG و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەگەیەنین، پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەریش لەناودەچێت.»
فەتی یلدز لە هەژمارەکەی خۆی لە ئێکس (X) یادی خاڵی یەکەمی یاساکەی هێنایەوە و ڕایگەیاند کە پرۆسەکە بەندە بەوەی پەکەکە/کۆما جڤاکێن کوردستان لەگەڵ هەموو پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی «خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەک و تەقەمەنی ژێر کۆنترۆڵیان تەسلیم بکەن».
یلدز بە باسکردنەوەی قسەکانی بەرهودان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی نێوان هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و YPG لەگەڵ چوارچێوەی یاساییی پرۆسەکە لە تورکیا دروستکرد.
دوای ئەوەی قسەکانی بەرهودان بوو بە بابەتی ڕۆژی لە تورکیا، فەتی یلدز لە هەژمارەکەی خۆی لە ئێکس ئەم دەربڕینەی بڵاوکردەوە:
«وەک لە خاڵی یەکەمی یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا نووسراوە، بەپێی دووپاتکردنەوەی دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی هەڵوەشاوی پەکەکە/کۆما جڤاکێن کوردستان و هەر پێکهاتەیەکی پەیوەندیدار کۆتایی بە بوونی کرداریی خۆی هێناوە و هەموو چەک و تەقەمەنیی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان تەسلیم کردووە، بەرپرسی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند: 'لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هەڵوەشاندنەوەی YPG-هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەگەیەنین، پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەریش لادەبرێت.'»
