بازدان بۆ ناوەڕۆک
ژیان1 خولەک خوێندنەوە

وشکەساڵی ڕووباری دانوبی لێدا

بەهۆی گەرمای زۆر و وشکەساڵییەوە ئاستی ئاو لە ڕووباری دانوب بۆ نزمترین ئاستی مێژووی خۆی دابەزی، لە ئەورووپاش سەدان هەزار کەس ڕووبەڕووی کێشەی کارەبا بوونەتەوە.

بڵاوی بکەرەوە
وشکەساڵی ڕووباری دانوبی لێدا

Rastinewsبەهۆی گەرمای زۆر و وشکەساڵییەوە، ئاستی ئاو لە ڕووباری دانوب بۆ ڕێکۆردی نزمترین ئاستی خۆی دابەزی، لە ئەورووپاش سەدان هەزار کەس ڕووبەڕووی کێشەی کارەبا بوونەتەوە.

لە بوداپێست، پایتەختی مەجارستان، لە سەرەتای هەفتەکەدا ئاستی ڕووبارەکە بۆ 10 سانتیمەتر دابەزی. ئەمە زۆر لە نزمترین ئاستی پێشووی خوارترە، کە لە ساڵی 2018 تۆمار کرابوو و 33 سانتیمەتر بوو. چاوەڕوان ناکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ئاستی ئاوی دانوب بەرز بێتەوە، چونکە هیچ بارانێکی بەرچاو پێشبینی نەکراوە و لە ڕۆژدا گەرمی هەوا دەگاتە 38 پلە.

ئاستی نزمی ڕێکۆردی ئاو وای لێکرد کۆگای پاکس، تاکە کۆگای وزەی ناوکیی مەجارستان، نزیک بێتەوە لە داخرانێکی تەواو. لە کۆگاکەدا کە ڕیئاکتۆرەکانی بە ئاوی دانوب سارد دەکرێنەوە، ڕۆژی دووشەممە تەنها 240 مێگاوات کارەبا بەرهەم هێنرا، لە کاتێکدا بەرهەمی ئاسایی 2000 مێگاواتە. کۆگای پاکس بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی نیوەی کۆی بەرهەمی کارەبای مەجارستان دابین دەکات.

بەهۆی ئەم کێشەیەوە، حکوومەتی مەجارستان داوای لە کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازی کرد بەکارهێنانی کارەبایان کەم بکەنەوە، هەروەها بانگهێشتی هاوڵاتییانی کرد بە شێوەیەکی خۆویستانە پاشەکەوتکاری بکەن. هەروەها لەم هەفتەیەوە سنووردارکردنی کاتژمێر بۆ ترێنە کارەباییەکان جێبەجێ کرا.

ئۆردووی ڕۆمانیا بە تەقەمەنی هێرشی کردە سەر ڕووبارەکە

لە ڕۆمانیاش، ئۆردوو بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر لە ڕووباری دانوبەوە بگاتە کۆگای وزەی ناوکیی چێرناڤۆدا، بە بەکارهێنانی 180 کیلۆگرام تەقەمەنی چەند بەردێکی ناو بنکەی ڕووبارەکەی تەقاندەوە.

ستوونێکی گەورەی ئاو دوای تەقینەوەیەکی ژێر ئاو لە ڕووباری دانوب بەرز بووەوە

بەهۆی ئاستی نزمی ئاوەوە یەکێک لە ڕیئاکتۆرەکانی کۆگاکە داخرا، و گومان هەیە ڕیئاکتۆری دووەمیش بەرهەمهێنانی ڕابگرێت. کۆگای وزەی ناوکیی چێرناڤۆدا کە بە ئاوی دانوب سارد دەکرێتەوە، نزیکەی 20 لەسەدی پێویستی کارەبای ڕۆمانیا دابین دەکات.

بۆ خۆپاراستن لە کێشەیەکی وزەیی ئەگەری، بە داواکاری حکوومەت، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل داکیا و فۆرد بەرهەمهێنانیان تا 19ی ئاب ڕاگرت.

لە سربیاش، نزمبوونەوەی ڕێکۆردی ئاستی ئاوی ڕووباری دانوب کاریگەری لەسەر کۆگای سەرەکیی وزەی ئاوی وڵاتەکە دانا. ڕاگەیەنراوە کۆگاکە تەنها بە 20 لەسەدی توانای خۆی کاردەکات.

سەرچاوە: دی دەبلیو

بڵاوی بکەرەوە

لێدوانەکان

لێدوان بنووسە

خوێندنەوەی زیاتر

    وشکەساڵی ڕووباری دانوبی لێدا — Rastinews