بەهچەلی: هەموومان پێکەوە نەتەوەی تورکیم
سەرۆکی پارتی ئاکەپە، دەولەت بەهچەلی، لە وتارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"، کورد و تورکی لە یەک پێناسەی نەتەوەیی کۆکردەوە. بەهچەلی وتی: "ئێمە هەموومان پێکەوە تورکیاین، هەموومان پێکەوە نەتەوەی تورکین."

Rastinewsسەرۆکی پارتی ئاکەپە، دەولەت بەهچەلی، لە وتارێکدا کە سەبارەت بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بوو، جەختی لەسەر چەمکی نەتەوە کردەوە. بەهچەلی ناسنامەی هاوبەشی کورد و تورکی بە "نەتەوەی تورک" پێناسە کرد.
بەهچەلی لە کۆبوونەوەی گرووپی پارتییەکەی لە مەجلیسی گەلی تورکیا قسەی کرد و گوتی: "نە تورک دوژمنی کوردە و نە سوننی دوژمنی عەلەویە. نابێت ببێت و نابێت ببێتەوە. ئێمە هەموومان پێکەوە تورکیاین، هەموومان پێکەوە نەتەوەی تورکین."
"تۆوی دوبەرەکی کە لەنێوان تورک و کورددا چێنراوە"
بەهچەلی وتی ڕووداوەکانی ئەم ماوەی دواییدا نیشانی داوە کە ململانێی چەکداری تۆوێکی دوبەرەکییە کە لەنێوان تورک و کورددا چێنراوە. ئەوانەی دژی پرۆسەکەن تۆمەتبار کرد بە ئاوبردن بۆ ئاشی ئیمپریالیزم.
بەهچەلی گوتی: "لە ناوچەکەماندا ئەوانەی دژی یەکگرتوویی تورک و کوردن، ئەوانەن کە حەزیان لە خزمەتکاری داگیرکەرانە." هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم پرۆسەیە سیاسەتێکی دەولەتییە.
دوو ئاستانە
بەهچەلی پرۆسەکەی لە دوو قۆناغدا وەسف کرد. ئاستانەی یەکەم بە پتەوکردنی بەرەی ناوخۆ و دەستەبەرکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی پێناسە کرد، و گوتی ئاستانەی دووەم "ناوچەی بێ تیرۆر"ـە.
بەهچەلی بە گرنگ زانی کە بەتاڵکردنەوەی هەندێک ناوچە لە هەرێم و پشتڕاستکردنەوەی ئەوە هەنگاوێکی گرنگە، و گوتی: "ئەگەر نەخۆشییەکمان هەبووبێت، ئێمە تەشخیسی دەکەین و ئێمە چارەسەری دەکەین."
ئەردۆغان دوێنێ ڕایگەیاند کە ئەشکەوتەکان بەتاڵ کراونەتەوە
سەرۆکی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوێنێ دوای کۆبوونەوەی کابینە ڕایگەیاند کە بەشی زۆری ئەشکەوتەکان لە هەکورک، زاپ و مەتینا لە هەرێمی کوردستان بەتاڵ کراونەتەوە. ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند کە بانگهێشتی ئەندامانی کۆمیسیۆنی چاودێری ئەم هەفتەیە دەنێردرێن.
