لەپشت پەردەدا: پلانی ئۆجەلان بۆ باشووری کوردستان
لە ڕەشنووسێک کە بە ئۆجەلان دەبەسترێتەوە و لەنێو میدیاکانی ئەورووپادا دەست بەدەست دەگوازرێتەوە، باس لە پلانێکی وردی سەبارەت بە باشووری کوردستان دەکرێت. بەپێی ئەو پلانە، چەکەکانی قەندیل بە چاودێریی تورکیا لە هەولێر و سلێمانی کۆدەکرێنەوە، و لە وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگری وەزیرێک لە قەندیل دادەمەزرێت.

Rastinewsڕەشنووسێک بە بەروار 13ی ئەیلولی 2026 و بە ناونیشانی «ئاراستەکانی پرۆسە»، کە بە عەبدوڵا ئۆجەلان دەبەسترێتەوە، لەنێو میدیاکانی ئەورووپادا دەست بەدەست دەگوازرێتەوە. بەرواری ئەم ڕەشنووسە لەگەڵ ڕێکەوتی دوا چاوپێکەوتنی دەلیگەیشنی ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان یەکدەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕۆژنامەنووسان، لە ڕەشنووسەکەدا پلانی وردی سەبارەت بە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا هەیە.
دوو کۆگا لە هەولێر و سلێمانی
بەپێی ڕەشنووسەکە، ئۆجەلان داوا دەکات چەکەکانی قەندیل لە دوو کۆگادا کۆبکرێنەوە کە لە هەولێر و سلێمانی دادەمەزرێن. ئۆجەلان دەڵێت پێویستە ئەم کۆگایانە بە چاودێریی هاوبەشی تورکیا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەندیل بن، هەروەها داوا دەکات ئەم پرۆسەیە نەگوازرێتەوە بۆ میدیاکان.
بەپێی هەمان ڕەشنووس، ئۆجەلان پێشبینی دەکات هێزەکانی قەندیل وەکوو لە سوریا و شەنگال، تێکەڵ بە هێزە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێن. ئەگەر پارتی دیموکرات و یەکێتی حکومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن، تێکەڵکردنەکە لە ڕێگەی ئەو حکومەتەوە دێتە دی، لە غیری ئەوەشدا بە شێوەی سەربەخۆ لەگەڵ هەردوو پارتییەکە ئەنجام دەدرێت. کۆمەڵگا و میلیشیاکانی خۆماڵی قەندیل بەپێی ناوچەکەی خۆیان، پەیوەست دەکرێن بە پارتی دیموکرات یان یەکێتی.
جێگری سەرۆک وەزیران و دوو جێگری وەزیر
دەگوترێت ئۆجەلان وتوویەتی پێویستە کەسێک لە قەندیل لە ئاستی جێگری سەرۆک وەزیراندا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵات وەربگرێت، و بۆ ئەمە نموونەی شاهین چیلۆی سوریای هێناوەتەوە.
هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە ئۆجەلان داوای ئەوە کردووە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، جێگری وەزیرێک بدرێتە قەندیل، و بۆ ئەمە نموونەی سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگری سوریای هێناوەتەوە. دەگوترێت ئۆجەلان بۆ ئەم داواکارییانەی خۆی، مەترسیی ناکۆکی و شەڕ لەنێوان هەردوو لایەن و شەڕی برا دوژمنی ڕابردوو وەکوو هۆکار خستووەتەڕوو.
ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیاریکردنی کەسانی پێشبینیکراو دەکرێت لەلایەن سەبری ئۆک و جەمیل بایک، ئەندامانی ڕێبەرایەتی تەوژمەوە، بکرێت. هەروەها ئۆجەلان ناڕازییە لەوەی وردەکارییەکانی چاوپێکەوتنەکانی نێوان قەندیل و ئیمرالی بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکرێن.
ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە زۆر بەگشتی لە ئاشکراکردنی تێبینییەکانی ئیمرالی-قەندیل ناڕەحەتە، و وتوویەتی ئاشکراکردنی ئەم تێبینییانە بە واتای بەتاڵکردنەوەی خۆی دێت، هەروەها نابێت مادە بۆ ئەم جۆرە پرۆڤۆکاسیۆنانە دابین بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی ڕەشنووسەکە، بەهۆی ئاشکرابوونی زانیارییەکانی چاوپێکەوتنەکان بۆ میدیا، گەشتی دەلیگەیشنی بەرەو دوورگەکە دواخراوە.
"مردنەکانی ڕۆژئاوا پرۆڤۆکاسیۆنێکن لە دژی من”
لە بەشی ڕۆژئاوای ڕەشنووسەکەدا هەڵسەنگاندنێکی سەرنجڕاکێش هەیە.
وەک زانراوە، لە ئەیلولی ڕابردوودا لەدوای دەستبەسەرداگرتن و بەدڕندانە کوشتنی سیپان هزنی لە حەسەکە، خۆپیشاندانەکان لە کۆبانی دەستی پێکردبوون. نۆ گەنجی کورد کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەند کرابوون و دەویست بۆ حەلەب بگوازرێنەوە، لە ئاگرگرتنێک لە ناوەندی بەندکردن گیانی خۆیان لەدەستدا.
دەگوترێت ئۆجەلان ئەم مردنانە وەکوو پرۆڤۆکاسیۆنێک لە دژی خۆی هەڵسەنگاندووە.
