ئۆزگوور ئۆزەل: ئێمە لە ڕێگای ئاشتیدا نەگەڕاوینەتەوە، دەسەلات لە ڕێگای دیموکراسیدا گەڕاوەتەوە
ئۆزگوور ئۆزەل، لە پەیوەندی بە بڕیاری نەدانی ئەندام بۆ ئەنجومەنی چاودێری و هەڵسەنگاندن کە لە پەرلەماندا پێک دەهێنرێت، ڕایگەیاند: «ئێمە لە ڕێگای ئاشتیدا نەگەڕاوینەتەوە، دەسەلات لە ڕێگای دیموکراسیدا گەڕاوەتەوە. ئێمە لە سەرەتاوە پرۆسەی داگرتنی چەکمان پاڵپشتی کرد، بەڵام وتمان کە پێویستە بە هەمان کات هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردنیش بنرێن، چونکە تەنها بەم شێوەیە پەسەندکردن و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت پەیدا بێت.»

Rastinewsئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆکی گشتی پارتی نوێ، سەبارەت بە بڕیاری نەدانی ئەندام بۆ ئەنجومەنی چاودێری و هەڵسەنگاندن کە پەیوەندیدارە بە پرۆسەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئاشتی و لە پەرلەماندا پێک دەهێنرێت، لەگەڵ مورات سابونجووی ڕۆژنامەنووسی T24 دوان کرد.
ئۆزەل گوتی: «لە هەلوێستی پارتی نوێ سەبارەت بە ئاشتی کۆمەڵایەتی کەمترین گۆڕانکارییەک نییە. ئەو ڕۆژەی یەکەم لێی بووین، ئەمڕۆش هەر لەوێین. ئێمە ئەم پرۆسەیەمان بە هۆی حساباتی سیاسییەوە پاڵپشتی نەکرد، بەڵکو بە هیوایەکی ڕاستەقینەی ئاشتی.»
ئۆزەل بە وتەکانی خۆی بەمجۆرە بەردەوام بوو:
«ئێمە لە ڕێگای ئاشتیدا نەگەڕاوینەتەوە، دەسەلات لە ڕێگای دیموکراسیدا گەڕاوەتەوە. ئەوەیە ئەو شتەی پێویستە باسی لەسەر بکرێت. ئێمە لە سەرەتاوە پرۆسەی داگرتنی چەکمان پاڵپشتی کرد، بەڵام وتمان کە پێویستە هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردنیش بە هەمان کات بنرێن، چونکە تەنها بەم شێوەیە پەسەندکردن و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت پەیدا بێت. ئێمە پاڵپشتیمان کرد کە ئاشتی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی تەنها بە دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادییەوە دەستەبەر دەبێت. ئێمە واژۆی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنمان کرد و پشتگیریمان لێکرد. لە وتارەکەمدا لە پەرلەمان وتم کە ئێمە واژۆمان بە ئابڕوومان دادەنێین و پشتیوانی لێ دەکەین، هەروەها چاودێری دەکەین کە پارتەکانی تریش چۆن ئابڕو و واژۆی خۆیان پارێزگاری دەکەن. بەڵام دەسەلات پاڵپشتی واژۆی خۆی نەکرد.
لە کاتێکدا قەیوم بەردەوامە، بڕیارەکانی دادگای یاسای بنەڕەتی و دادگای ئەورووپی بۆ مافی مرۆڤ جێبەجێ نابن، ڕۆژنامەنووسان دەستبەسەر دەکرێن، قەیوم بۆ کەناڵەکانی تەلەفزیۆن دادەنرێن، و مافوئازادییەکان سنووردار دەکرێن، ئەی ئێمە باسی چ ئاشتییەک بکەین؟ ئێمە ناتوانین چاومان لەسەر ئەمە دابخەین.
لە لایەکەوە باسی ئاشتی دەکرێت، لە لایەکی ترەوە دەرگای دیموکراسی قوفل دەکرێن. ناڕەزایەتی ئێمە لەسەر ئەمەیە. بڕیارمان بۆ بەشداری نەکردن لە کۆمیسیۆنی چاودێری، ئەنجامی ئەم هەلوێستە بنەڕەتییەیە. هەنگاوە هەڵەکانی ئەمڕۆ، بەیانی دەبنە هۆی دڵتەنگی گەورەتر. ئاڕاستەی سیاسەتی ئێمە نەگۆڕاوە. ئێمە بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و دیموکراسی. ئەوەی ئەندامێکمان نەداوەتە کۆمیسیۆنێک، بەو مانایە نییە کە وازمان لە ئاشتی هێناوە. وازهێنان لە ئاشتی، واتە پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانی دیموکراسی. ئێمە پشتی قسەکەمانین.»
