14 سیاسەتمەری کورد کە گیران ئازاد کران
14 سیاسەتمەری کورد کە لە چوارچێوەی دۆسیەی هەڤبەندی گیرابوون، لەدوای وەرگرتنی بەیاننامەیان لە دادگای گشتی ئامەد ئازاد کران. ڕوون بووەوە کە 4 کەس لە سیاسەتمەرانەکان لەبەردەم دادوەر بە زمانی کوردی بەیاننامەیان داوە.

بەپێی زانیاری نوێنەری ڕووداو تیڤی لە ئامەد، مەشاللا دەکاک، زۆربەی سیاسەتمەرانی گیراو لە بەردەم پۆلیس ئامادە نەبوون بەیاننامە بدەن.
4 سیاسەتمەر کە فوئاد ئۆنەن، نوێنەری پێلکورد، و محەمەد جان ئەزبای، جێگری سەرۆکی گشتی پەکا، لەنێویاندان، لەبەردەم دادوەر بە زمانی کوردی بەیاننامەیان داوە.
ئاماژە پێکرا کە ئەو سیاسەتمەرانەی بە کوردی بەیاننامەیان داوە بریتی بوون لە فوئاد ئۆنەن، محەمەد جان ئەزبای، عەلی ئۆنجو و ئەحمەد گەچەر.
هۆکاری ناڕەزایەتی فوئاد ئۆنەن کەوتە تۆمار
هۆکاری ئەو بڕیارەی فوئاد ئۆنەن، نوێنەری پێلکورد، کە لەبەردەم پۆلیس ئامادە نەبوو بەیاننامە بدات، کەوتە ناو تۆماری فەرمی.
ئۆنەن بەم شێوەیە وەلامی پۆلیسێکی دا کە ویستی لێی بەیاننامە وەربگرێت:
«من فوئادی کوڕی مەحموودم. شۆرشگێڕی کوردستانم. لەبەر ئەوەی 20-30 پۆلیس بەیانی زوو هاتنە ماڵەکەم و بەبێ لێدانی دەرگا شکاندیانە و چوونەتە ژوورەوە، دەستبەندم کردن بە شێوەی پێچاوپێچ و لەگەڵم ڕەفتاری دوژمنکارانە کرا، من ئەم بارودۆخە ئابڕووچوون دەزانم و لەبەردەم پۆلیس بەیاننامە نادەم.»
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی هەڤبەندی 14 سیاسەتمەر گیرابوون
دادگای گشتی ئامەد لە 7ی تشرینی دووەم لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر «هەڤبەندی نەتەوەیی کوردستان» (هەڤبەندی) کە لە ئامەد ڕاگەیەنرا، دەستپێکرد.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور (پەدەکا-باکوور)، پارتی خەبات و ویستی کوردستان (پەکا)، پێلکورد، ڤەژین و ئینیسیاتیڤی نەتەوەیی کوردستان، لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسی دیکە تێیدا بەشدار بوون، بڕیاری گرتنی چەندین سیاسەتمەر درا.
ئۆپەراسیۆنەکان کە لە ئامەد دەستیان پێکرد، لە ئامەد، ڕیها، باتمان، ئیگدیر، ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ئەنجام درا.
لە ڕایگەیاندنێکی پەسەکەدا ڕاگەیەنرا کە لەنێو کەسانی گیراودا بەیرام بۆزیێل، سەرۆکی گشتی پەسەکە، حەسەن داغتەکین، جێگری سەرۆکی گشتی پەسەکە، فوئاد ئۆنەن، بەرپرسی پێلکورد، محەمەد جان ئەزبای، جێگری سەرۆکی گشتی پەکا، لەگەڵ عەلی ئۆنجو، ڕۆژبین بوکون، عەلی چەڤەن، ئاریان سەرحەد و عەلی ئایدین هەبووە.
14 سیاسەتمەر، کە بەیرام بۆزیێل، سەرۆکی گشتی پەسەکە، یەکێک لەوانە بووە، لەدوای تەواوبووی بەیاننامەدانیان لەبەردەم دادوەر ئازاد کران.
سەرچاوە: ڕووداو
