پاش 89 ساڵ، داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری تاوانباری سەید ریزا
داواکارییەک بۆ وەزارەتی دادوەری تورکیا پێشکەش کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگا سەبارەت بە سەید ریزا و 6 کەسایەتی دیکەی دەرسیم کە لە ساڵی 1937 سزای لەدارکردنیان بەسەردا سەپێنرا. وکیل جیهان سویلەمێز ڕایگەیاند کە بڕیارەکان پێچەوانە بوون بە دەستووری ئەو سەردەمە و تاوانبارەکان بەبێ مافی تەمییز لەدار دراون.

Rastinewsوکیل جیهان سویلەمێز دەستی کردووە بە هەوڵدان بۆ "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان بە بەرژەوەندی یاسا" سەبارەت بە بڕیاری تاوانباری سەید ریزا و 6 کەسایەتی دیکەی دەرسیم. داواکارییەکەی سویلەمێز لە ڕێکەوتی 11ی نوامبر لە ڕێگەی سەرۆکداواکاری گشتی تونجەلییەوە گەیەنرا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری سزای وەزارەتی دادوەری.
سویلەمێز لە ڕاڤەیەکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە داواکارییەکە وتی ئەم داواکارییە ئەو بڕیارانەی دادگا دەگرێتەوە کە لە ساڵی 1937 پشت بە یاسای تونجەلی بەستراون. ئاماژەی کرد سزاکانی لەدارکردن پێچەوانە بوون بە دەستووری ساڵی 1924، یاسای سزای ئەو سەردەمە و یاسای دادوەری سزایی.
بڕیارەکان لەهەمان شەودا جێبەجێ کران
دادگایی سەید ریزا لە ڕێکەوتی 12ی ئۆکتۆبەری 1937 لە ئەلازغ دەستی پێکرد. بەپێی قسەی سویلەمێز، دادگا بڕیارەکانی لە 14ی نوامبر ڕاگەیاند و سزای لەدارکردن لە شەوی نێوان 14 و 15ی نوامبر جێبەجێ کرا.
سویلەمێز ڕایگەیاند کە یاساکانی ئەو سەردەمە مافی تەمییزیان دەدا، بەڵام ئەم مافە بە تۆمەتبارەکان نەدراوە. تێبینیشی کرد کە داواکارییەکە تەنیا بڕیارەکانی لەدارکردن نەگرتووەتەوە، بەڵکوو حوکمەکانی دیکەی هەمان دۆسیەشی لەخۆگرتووە.
تاکو ئێستا تەرمەکان نەدراوەتە خێزانەکان
بەپێی سویلەمێز، یاسای تونجەلی لەگەڵ دەستووری ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەرچووە، پێچەوانە بووە. بە باوەڕی ئەو، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ دادگاییکردن و لەدارکردنەکە کۆتایی نەهاتن. لە داواکارییەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرمەکان نەدراوەتە خێزانەکان و مافی میراتی ڕۆحی و ئازادی باوەڕی خێزانەکانیش پێشێل کراوە.
لە داواکارییەکەدا وەک نموونە ئاماژە بە دوو بڕیاری دادگای ئەورووپی بۆ مافی مرۆڤ (AİHM) کراوە کە لە ساڵەکانی 2001 و 2009 لە دژی تورکیا دراون. سویلەمێز وتی بەپێی ئەم بڕیارانە، لە پێشێلکارییە گرانەکانی مافی مرۆڤ کە بەردەوامن، ناتوانرێت پاڵ بە ماوەی یاسایی ببەسترێت.
بڕیار لەسەر وەزارەت و دادگای بالایە
تەنیا وەزارەتی دادوەری دەتوانێت داوای "هەڵوەشاندنەوە بە بەرژەوەندی یاسا" بکات. ئەگەر وەزارەت داواکارییەکە قبوڵ بکات و بیگەیەنیتە سەرۆکداواکاری گشتی دادگای بالا، ئەوا ڕێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکانی سەید ریزا و هاوڕێیانی دەکرێتەوە.
بەپێی هەواڵی ڕووداو، سویلەمێز وتی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە، تاوانەکانی گیراوە بە سەید ریزا و هاوڕێیانیشی پووچ دەبنەوە. سویلەمێز ئاماژەی کرد کە ئەم داواکارییە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵی 1937 دەبینێت و پرۆسەکە بەدواداچوونی دەکەن.
سەید ریزا لە کاتێکدا بانگ کرابووە بۆ ئەرزنجان بۆ کۆبوونەوەیەک، کاتێک هێرشی سەربازی بەسەر دەرسیمدا بەردەوام بوو، و لە ڕێگادا لە ڕێکەوتی 5ی سێپتەمبەری 1937 دەستگیر کرا. ئەو لەگەڵ کوڕەکەی ڕەسک حوسێن و کەسایەتییەکانی دیکەی دەرسیم لە ڕێکەوتی 15ی نوامبری 1937 لە میدانی گەنم لە ئەلازغ لەدار درا.
ئەو دادگاییانەی خێزانەکان بۆ زانینی شوێنی گۆڕی کەسوکارەکانیان کردوویانە، ساڵانێکە بەردەوامن. ئەم دادگاییانە لە دادگای بەرپرسیارێتی کارگێڕی و دادگای دەستووری ڕەتکراونەتەوە، سویلەمێزیش دۆسیەکەی گەیاندووەتە دادگای ئەورووپی بۆ مافی مرۆڤ.
