پیسبوونی گۆلی وان لە ئاژندای COP31دا
گۆلی وان کە کەنارەکانی کشاونەتەوە و بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ ئاوی پیس بۆ ناوی چووە، لە کۆنفرانسی گۆرانکاری کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) کە لە ئەنتالیا بەڕێوەدەچێت، دەخرێتە بەربەحسکردن. توێژینەوەیەک دەربارەی پیسبوونی میکرۆپلاستیک و لەناوچوونی ئۆکسیژین لە گۆلەکەدا، لە 16ی نوامبر پێشکەش دەکرێت.

Rastinewsپیسبوونی گۆلی وان دەچێتە ناو ئاژندای کۆنفرانسی گۆرانکاری کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31)، کە لە ماوەی 9 تا 20ی نوامبر لە ئەنتالیا بەڕێوەدەچێت. توێژینەوەیەک کە لە Van Yüzüncü Yıl Üniversitesi ئەنجام دراوە و باڵاوبوونەوەی میکرۆپلاستیک و گۆرانکاری ئۆکسیژین لە گۆلەکەدا دەکۆڵێتەوە، لە دانیشتنی 16ی نوامبردا پێشکەش دەکرێت.
توێژینەوەکە پشت بە پێوانەی مانگانە دەبەستێت کە لە چەندین چینی جیاجیای ئاوی گۆلەکەوە، لە ڕووکار تا بنی گۆلەکە، کراوە. ئۆکسیژینی تواوە، پلەی گەرمی، خوێی خۆراکی و چڕی میکرۆپلاستیک لە هەمان ئیستگەکاندا دەپشکنرێن.
گۆلەکە دەرچوونی نییە
گۆلی وان بە ڕووبەرێکی نزیکەی 3600 کیلومەتری چوارگۆشە، گەورەترین گۆلی سۆدایی جیهانە. زۆربەی ڕووبارەکانی تێدەکەون بۆ ناو گۆلەکە، بەناو شوێنەوارانی نیشتەجێبووندا تێدەپەڕن. هیچ ڕووبارێک لە گۆلەکەوە دەرناچێت. لەبەر ئەوە هەر پیسکەرێک کە دەگاتە گۆلەکە، لەوێ کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەی سەرەکی پیسبوون، ئاوی پیسی ماڵانە بووە کە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ بەبێ پاکژکردنەوە بەرەڵا کراوە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆرانکاری کەشوهەوا، لە ساڵی 2020دا تەنها 38.4%ی ئاوی پیسی وان پاکژ دەکرایەوە. وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە ئەم ڕێژەیە لە کۆتایی ساڵی 2025دا لە سەرجەم حەوزەکەدا گەیشتووەتە 99.8%. پرسیارنامەیەک کە ساڵی ڕابردوو بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا (TBMM) ئاڕاستە کرابوو، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا لە شارۆچکەکانی کەناری گۆلەکە ئاوی پاکژنەکراو دەڕواتە ناو گۆلەکە.
قوڕی کۆبووتەوە لە کەنارەکاندا، بارێکی تری جیایە. بەگوێرەی ئامارەکانی شارەوانی گەورەی وان کە لە کۆتایی ئۆکتۆبر بڵاوکرانەوە، تا ئێستا 2 ملیۆن و 385 هەزار مەتر سێجا قوڕی بنی گۆلەکە دەرهێنراوە. ئامانج ئەوەیە کە 2 ملیۆن و 800 هەزار مەتر سێجای تری قوڕ پاکژ بکرێتەوە.
پلاستیک گەیشتووەتە ماسی مرواری (inci kefali)
پێوانەکانی Van Yüzüncü Yıl Üniversitesi لە کەنداوی وان دەریخست کە میکرۆپلاستیک لە ئاوی ڕووکاردا هەیە. لە نموونەی لیتەی وەرگیراو لە بنی گۆلەکەش پارچە پلاستیک دیاری کراوە.
هەروەها میکرۆپلاستیک لە گەدەی ماسی مرواریشدا دیاری کراوە، ماسییەک کە لە جیهاندا تەنها لە ئاوی شۆر و سۆدایی ئەم گۆلەدا دەژی. ئەم ماسییە خۆراکی لە پلانکتۆن وەردەگرێت، و پارچە پلاستیکیەکانی سووکیش هەر لەو چینە ڕووکارییەدا کە پلانکتۆن تێدایە باڵاو دەبنەوە.
کشانەوەی ئاو و لەناوچوونی ئۆکسیژین
لە ساڵانی دواییدا لە شریتی کەناری گۆلەکەدا کشانەوەیەکی بەرچاوی ئاو ڕووداوە. توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا و پیسبوون، چینەکانی ئاو تێکەڵ بە یەکتر نابن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسیژین لە قوڵایی گۆلەکەدا. ئەم پرۆسەیە مەترسی ئۆتروفیکاسیۆن زیاد دەکات، واتە بارستایی خۆراکی گۆلەکە زیاد دەبێت و هاوسەنگی ئیکۆلۆجی تێکدەچێت.
هەرچەندە کارەکانی پاکژکردنەوە لە کەناری گۆلەکەدا بەردەوامن، بەڵام هیچ سیستەمێکی چاودێری نییە کە بە شێوەیەکی بەردەوام کاریگەری ئەم کارانە لەسەر تەندروستی گۆلەکە بپێوێت.
