ئەنقەرە ڕێگەی بە کەشتیی فەرەنسی داوە، ئەسینا دەڵێ داوای ڕێگەپێدان نەکراوە
تورکیا بە ڕاگەیاندنی NAVTEX ڕێگەی بە چالاکی کەشتیی فەرەنسی Abeille Marengo داوە کە بۆ لێکۆڵینەوەی بنی دەریا بۆ کێبڵی کارەبایی نێوان کریت و بەشی یۆنانی قوبرس کاردەکات. بەڵام ئەسینا دەڵێ هەرگیز داوای ڕێگەپێدان لە ئەنقەرە نەکراوە.

Rastinewsتورکیا ڕێگەی بە چالاکی کەشتیی Abeille Marengo، کە ئاڵای فەرەنسای هەڵگرتووە، داوە؛ کەشتییەک کە لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست لێکۆڵینەوەی بنی دەریا بۆ هێڵی کارەباییی نێوان کریت و قوبرس ئەنجام دەدات. لە ڕاگەیاندنی ژمارە 1127/26ی ناوەندی NAVTEX ی ئەنتالیا، کە شەوی 10ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورک هاوبەش کراوە و ڕازامەندیی پێوە وەرگیراوە.
کەشتییەکە هەر ئەو ڕۆژە، کاتژمێر 18:26، بەندەری کاندیای (هەراکلیۆن) کریتی بەجێهێشت. بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی تورک، کەشتییەکە دەتوانێ هەتا 19ی ئازاری 2027 لە کۆئۆردیناتەکانی دیاریکراو کاربکات.
پێش چوار ڕۆژ وتبوویان 'ڕێگە نەدراوە'
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕایەلێکی ڕۆژی 6ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندبوو کە کەشتییەکە خەریکی ئامادەکارییە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بێ ڕێگەپێدان لە پلاتفۆرمی کۆنتینیەنتالیی تورکیا، ئەوەی تورکیا لە 18ی ئازاری 2020 ڕاگەیاندوویەتی بە نەتەوە یەکگرتووەکان. وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو کە ئاگادارکردنەوەی دەریاییەکانی یۆنان و بەشی یۆنانی قوبرس بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە هەڵوەشاوەتەوە و پرۆسەی ڕازامەندی تەواو نەبووە.
هەلومەرجی ئەنقەرە دوای ئەوەی فەرەنسا لە ڕێگەی سەفارەتەکەیەوە لە ئەنقەرە تێبینیی زارەکی بۆ دەسەڵاتدارانی تورک ڕەوانەکرد، گۆڕا. هەروەها گوترا ئاگادارکردنەوەیەکی هاوشێوە بۆ میسریش نێردراوە.
ئەسینا: لە تورکیا داوای ڕێگەپێدان نەکراوە
کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان، ڕایگەیاند کە ڕێگەپێدانی لێکۆڵینەوەکە تەنها لە دەسەڵاتدارانی یۆنان و بەشی یۆنانی قوبرس وەرگیراوە. بەپێی قسەی میتسۆتاکیس، تێبینییە فەرەنسییەکە تەنها خاسییەتی ئاگادارکردنەوەیەکی گشتی هەیە و مانای داواکاری ڕێگەپێدان نادا.
ستاڤرۆس پاپاستاڤرۆ، وەزیری وزەی یۆنان، ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیای فەرەنسیی بەرپرسی پرۆژەکە هیچ سەردانییەکی نەکردووە بۆ تورکیا، بەڵکوو تەنها بۆ ئەسینا و لەفکۆشا سەردانی کردووە.
کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای فەرەنسیی بەرهەمهێنەری کێبڵ، Nexans، کە پێشەنگری پرۆژەکە دەکات، بەڕێوەدەبرێ. Abeille Marengo لە ناوچەی باشووری ڕۆژاوای دوورگەی کارپاتۆس (کەرپێ)، ئەو لێکۆڵینەوانە کە لە 2024 نیوەتەواو مابوونەوە، دووبارە دەستپێدەکاتەوە.
کێشەی کێبڵەکە لە 2024 دەستپێکرد
پرۆژەی Great Sea Interconnector، کە بودجەکەی نزیکەی 1.9 ملیار یۆرۆیە، ئامانجی بەستنەوەی بەشی یۆنانی قوبرسە بە تۆڕی کارەباییی ئەوروپا لە ڕێگەی کریتەوە. ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە وەک یەکێک لە پرۆژە وزەییە ستراتیژییەکان دادەنرێ.
لێکۆڵینەوەکانی بەرانبەر دوورگەی کاسۆس (کاشۆت)، لە تەمموزی 2024 دوای هاتنی کەشتی جەنگیی تورک بۆ ناوچەکە وەستابوون. تورکیا ڕایگەیاندبوو کە بەشێک لە هێڵەکە بەپێی ڕێککەوتننامەی مەرزی دەریایی کە لە 2019دا لەگەڵ لیبیا ئیمزاکراوە، بە پلاتفۆرمی کۆنتینیەنتالیی خۆیدا تێدەپەڕێ. بەڵام یۆنان و یەکێتی ئەوروپا ئەم ڕێککەوتننامەیە ناناسن.
بەپێی هەواڵی The National Herald کە لە ئەسینا بنیاتی دانراوە، چاوەڕوانکراوە لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا یەکەکانی پاسەوانی کەنار و سوپای دەریایی یۆنان لە ناوچەکەدا ئامادەبن.
