بازدان بۆ ناوەڕۆک
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست1 خولەک خوێندنەوە

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی عێراق: دوای 30ی ئەیلوول هیچ سەربازیکی بیانی لە عێراق نامێنێت

لەکاتێکدا هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە کشانەوە لە هەولێر، بەغدا ڕایگەیاند کە کشانەوەکە لە 30ی ئەیلوولدا تەواو دەبێت و بارەگای هاوپەیمانیش بە ڕێوڕەسمێکی فەرمی دادەخرێت. دوای ڕێوڕەسمەکە، لە یەکی تشرینی یەکەمدا «کۆنفرانسی سەروەری» بەڕێوە دەچێت.

بڵاوی بکەرەوە
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی عێراق: دوای 30ی ئەیلوول هیچ سەربازیکی بیانی لە عێراق نامێنێت

Rastinewsسابەح نومان، وتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی عێراق، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕووداو خشتەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی، ڕێوڕەسمی داخستنی بارەگاکە و وردەکارییەکانی کۆنفرانسی دواتری ڕوونکردەوە.

کشانەوە لە هەولێر بەردەوامە

نومان سەبارەت بە بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێستا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی لە قۆناغی کشانەوەدان.

نومان گوتی: «هێزەکانی هاوپەیمانی بە هاوکاری لەگەڵ ئۆفیسی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی عێراق لە هەولێر دەکشێنەوە».

نومان کاتی تەواوبوونی کشانەوەکەشی ڕوونکردەوە و گوتی: «ئەم کشانەوەیە لە 30ی ئەیلوولدا تەواو دەبێت. بەهۆی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، لە بەغدا ڕێوڕەسمێکی گەورە بەڕێوە دەچێت».

لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ئەوەی ئایا کشانەوەکە هەموو هێزەکانی هەولێر دەگرێتەوە یان نا، نومان گوتی بڕیارەکە هەموو هاوپەیمانی دەگرێتەوە. نومان گوتی: «دوای 30ی ئەیلوول، لە هیچ شوێنێکی عێراقدا یەک سەربازی بیانیش نامێنێت».

ڕێوڕەسمێک لە بەغدا و «کۆنفرانسی سەروەری»

نومان ڕایگەیاند کە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی، لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارییەکان بەڕێوە دەچێت.

نومان گوتی: «ڕێوڕەسمەکە لە ئۆفیسی فەرماندەیی گشتی بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕێوڕەسمە بەهۆی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و داخستنی فەرمیی بارەگای هاوپەیمانی بەڕێوە دەچێت».

نومان ڕایگەیاند دوای ڕێوڕەسمەکە، لەژێر چاودێریی سەرۆک وەزیرانی عێراق «کۆنفرانسی سەروەری» بەڕێوە دەچێت، وە ئاماژەی بەوە کرد کۆنفرانسەکە لە یەکی تشرینی یەکەمدا بەڕێوە دەچێت و بانگهێشتی فەرمی بۆ هەموو ڕابەرە سیاسییەکان و هێزە سیاسییەکانی عێراق دەنێردرێت.

نومان گوتی: «ئەمە کۆنفرانسێکی گەورەی ئاهەنگگێڕانە کە بەهۆی کۆتایی هاتنی ئەرک یان گەڕاندنەوەی تەواوی سەروەرییەوە بەڕێوە دەچێت».

پرۆسەکە بە دوو قۆناغ دابەش کرابوو

بەرواری 30ی ئەیلوول لە ئەنجامی گفتوگۆکانی کۆمیتەی بەرزی سەربازیی نێوان بەغدا و واشنتندا دیاری کرابوو، بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی لە عێراق و ڕادەستکردنی بنکەکان بە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق.

عێراق و ئەمریکا لە ئەیلوولی 2024دا لە ڕێگەی ڕایەکی هاوبەشەوە ڕێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی بە دوو قۆناغ. بەپێی ئەمە، هاوپەیمانی هەتا ئەیلوولی 2025 لە بنکەکانی بەغدا و عێراقی فیدراڵدا کشابووەوە، بەڵام بوونی خۆی لە هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردنی عەملیاتەکانی دژی داعش لە سووریا هەتا ئەیلوولی 2026 درێژەی پێدابوو.

هاوپەیمانی لە ساڵی 2014دا دوای دەستڕاگەیشتنی داعش بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوان لە عێراق و سووریادا، بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دامەزرا، و بوونی لە هەولێر لەو ماوەیەدا یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەکییەکانی خەباتی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە.

بڵاوی بکەرەوە

لێدوانەکان

لێدوان بنووسە

خوێندنەوەی زیاتر

    فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی عێراق: دوای 30ی ئەیلوول هیچ سەربازیکی بیانی لە عێراق نامێنێت — Rastinews