مەسرور بارزانی: بەغدا بەرگری ئاسمانیمان ڕادەگرێت، دوورکەوتنەوەی ئەمریکا دووبارەبوونەوەی هەڵەی ساڵی 2011ـە
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت هەرێمەکە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پێش داعش. بارزانی وتیشی هەرێمی کوردستان، کە بەلایەنی کەم هەزار مووشەک و دروونی ئێرانی ئامانجی گرتووە، بە دەستی بەغدا 'بە ئەنقەست لاواز دەکرێت'.

Rastinewsمەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بەریتانی فایننانشال تایمز، بڕیاری واشنتن بۆ دوورکەوتنەوە لە عێراق بە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵەیە وەسف کرد کە حکوومەتی باراک ئۆباما لە ساڵی 2011دا کردی.
بەپێی بارزانی، لەو کاتەدا دوورکەوتنەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە بۆشاییەکی ئەمنی دروستکردبوو، ئەو بۆشاییەش زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی داعش ئامادە کردبوو.
"بە ئەنقەست لاواز دەکرێین"
بارزانی ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان ناتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی مووشەک و دروون بکڕێت، چونکە ئەمە پێویستی بە ڕەزامەندی حکوومەتی فیدرالی لە بەغدا هەیە.
بارزانی وتی: "کاتێک ڕێگەمان پێنادرێت چەکی پێویست بۆ بەرگری لە هێرشی مووشەک و دروونی پێشکەوتوو دابین بکەین، ئێمە بە ئەنقەست لاواز دەکرێین و بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی گەورە دەبینەوە."
بارزانی جەخت لەوەشی کردەوە کە هەتا کێشەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوام بێت، هەرێمەکە لەژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە، وتیشی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی ئەمریکایە، بووەتە ئامانج.
دەفتەری سەرۆک وەزیران خۆیشی لێدرا
بەپێی هەواڵی فایننانشال تایمز، لەکاتی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران لە مانگی شوباتەوە، بەلایەنی کەم هەزار دروون و مووشەکی ئێرانی ئامانجی هەرێمی کوردستانیان گرتووە.
بەشێکی گرنگی هێرشەکان ئاراستەی کەمپەکانی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ڕۆژهەڵات و دامودەزگا سەربازییەکانی ئەمریکا کراوە. بارزانی ڕایگەیاند لە نیوەی مانگی ئاب دەفتەری خۆیشی لە هەولێر ئامانج گیراوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوورکەوتنەوەکە بە "قۆناغێکی نوێ" وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت توانای هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، واشنتن بەهۆی هێرشی میلیشیاکانەوە بەشێک لە ستافی ناپێویستی کۆنسولخانەیەکی نوێی خۆی لە هەولێر لابردووە.
"چەکی میلیشیاکان سیستەمی فیدرالی هەڕەشە لێدەکات"
بارزانی ئاگاداری دا کە ڕەتکردنەوەی چەک دانانی میلیشیا شیعەکان لەوانەیە سیستەمی فیدرالی عێراق و ئەو ئۆتۆنۆمییەی کورد بە خەباتێکی درێژ بەدەستی هێناوە بخاتە مەترسییەوە.
بارزانی هۆکارهێنانەوەی ئێران بۆ هێرشەکانی خۆی، کە بوونی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات و چالاکی ئەمریکا و ئیسرائیلە، بە "زیادەڕۆیی" وەسف کرد و وتی چەندین جار بە تاران گەیاندووە هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران.
تۆبی دۆج، شارەزای عێراق لە لەندەن سکوڵ ئۆف ئیکۆنۆمیکس، ڕایگەیاند کەمبوونەوەی ڕۆڵی سەربازی ئەمریکا لەوانەیە هەڵبژاردەکانی بارزانی کەم بکاتەوە و هەولێر ناچار بکات لەگەڵ تاران ڕێککەوتن بکات.
بەشی بودجە کەمتر لە %13
فایننانشال تایمز ئاماژەی بەوەدا کە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی کەمتر بووە لە %13، هەروەها ناکۆکی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکانی کورد ڕێگای پێکهێنانی حکوومەتی گرتووە.
بارزانی وتی ئەگەر دوای دوورکەوتنەوەکە دۆخی ئەمنی خراپتر بێت، لەوانەیە ناچار بن داوا لە هاوپەیمانەکان بکەن دووبارە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمەکە.
بارزانی وتی: "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت لە ئێستاوە هەنگاو بۆ پاراستنی جێگیری هەڵبگرێت. نابێت چاوەڕێی خراپتربوونی دۆخەکە بکات و پاشان وەک سەردەمی داعش ناچار بێت بگەڕێتەوە."
ڕەگی ئۆتۆنۆمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991
بناغەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991دا، بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بە ڕاگەیاندنی ناوچەی قەدەغەکراوی فڕین دانرابوو.
ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011دا کۆتا سەربازییەکانی خۆی لە عێراق کێشایەوە، داعش لە هاوینی 2014دا مووسڵی داگیر کرد و گەیشتە سنووری هەرێمی کوردستان.
دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەیلولی 2017، هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی کەرکووکیان بەدەستەوە گرت، هەولێریش لەو ماوەیەدا داهاتی نەوتی شارەکەی لەدەستدا.
