وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: هەموو فڕۆکەکان لەگەڵ ئێران ڕاگیراون تا هەڵوەشانەوەی سزاکان
عێراق گواستنەوەی ئاسمانی دووالادووی لەگەڵ ئێران ڕاگرت. بەرپرسێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند ئەم بڕیارە دوای فراوانکردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر بواری فڕۆکەوانی ئێران وەرگیراوە و هەتا سزاکان بەردەوام بن، ئەم ڕاگرتنە درێژە دەکێشێت.

Rastinewsبەرپرسێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە هەموو فڕۆکەکانی نێوان عێراق و ئێران ڕاگیراون.
بەرپرسەکە وتی سەفەرەکانی ئێرانەوە بۆ عێراق و عێراقەوە بۆ ئێران ڕاگیراون. زۆربەی فڕۆکەکانی هاتوو لە ئێرانەوە لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف دادەبەزین.
بەگوتەی بەرپرسەکە، دوایین فڕۆکەخانەی کە سەفەری ئێرانی تێدا بەردەوام بوو نەجەف بوو، فڕۆکەکانی ئەویش لە ئەمڕۆوە ڕاگیران.
«تەنها سەلاحیەتی عێراق نییە»
بەرپرسی وەزارەتەکە وتی ئەم بڕیارە تەنها بە ویستی حکوومەتی بەغدا نەدراوە، بەڵکو بەپێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ کراوە.
بەرپرسەکە وتی: «ئێمە پابەندی ڕێنماییەکانین. ئەمە تەنها بابەتێک نییە کە سەلاحیەتی عێراق تێیدا بێت، بڕیارێکی نێودەوڵەتییە. ڕاگرتنەکە بەردەوام دەبێت هەتا سزاکان هەڵدەوەشێنەوە.»
ئەم ڕایگەیاندنە لەلایەن بەرپرسی وەزارەتەکەوە بۆ ڕوداو کرا.
کۆمپانیاکانی وڵاتی سێیەمیش لەژێر هەڕەشەدان
وەزارەتی خەزینەداری ئەمریکا لە 8ی ئەیلوول ڕایگەیاند 27 کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی چالاک لە بواری فڕۆکەوانی ئێران خستوویەتییە لیستی سزاکانەوە. واشنتۆن ڕایگەیاندبوو لەگەڵ ئەم بڕیارە کە هەموو هێڵە ئاسمانییە ماوەکانی ئێرانیش دەگرێتەوە، کۆمپانیاکانی وڵاتانی سێیەم کە خزمەت بەم کۆمپانیایانە دەکەن، ئەوانیش دەکەونە بەردەم مەترسی سزادان.
دوای ئەم بڕیارە، فشار لەسەر کۆمپانیاکانی دابینکەری سووتەمەنی، خزمەتگوزاری زەوی و فرۆشتنی بلیت بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران زیاد بوو. هەروەها ڕاگەیەنرا هەندێک کۆمپانیای تایبەتی خزمەتگوزاری زەوی لە عێراق لەبەر نیگەرانی سزادان وازیان لە خزمەتکردن بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران هێناوە.
