بریتانیا و فەرەنسا پاڵپشتی بەرگری بۆ عەرەبستانی سعوودی دەکەن لە دژی هێرشەکانی حووسییەکان
ئەندی بۆرنام سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و بەرپرسێکی فەرەنسی ڕاگەیاندیان کە پاڵپشتی سەربازی 'تەنها بۆ مەبەستی بەرگری' دەدەن بە عەرەبستانی سعوودی کە لەلایەن حووسییە پشتیوانیکراوەکانی ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج.

Rastinewsبریتانیا و فەرەنسا ڕایانگەیاند کە ئامادەن پاڵپشتی سەربازی بۆ مەبەستی بەرگری بدەن بە عەرەبستانی سعوودی، ئەو وڵاتەی کە دەکرێتە ئامانجی حووسییە پشتیوانیکراوەکانی ئێران.
ئەندی بۆرنام سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، لە کاتی چوونی بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوونکردنەوەی دا لەسەر چوارچێوەی ئەو پاڵپشتیەی بۆ عەرەبستانی سعوودی دەیدەن. بۆرنام گوتی عەرەبستانی سعوودی داوای پاڵپشتی سەربازی لە بریتانیا کردووە، و بە پێشنیاری وێس ستریتینگی وەزیری بەرگری و ئێد میلیباندی وەزیری دەرەوە، ئەم داواکارییەیان قبووڵکردووە بەمەرجێک تەنها بە پاڵپشتی بەرگری سنووردار بێت.
«پێویستە ئەم ڕێگایانە کراوە بهێڵینەوە»
بۆرنام ڕایگەیاند کە فڕۆکەکانی بریتانیا پاڵپشتی سووتەمەنیدانەوەی ئاسمانی بۆ مەبەستی بەرگری دەدەنە فڕۆکە جەتییەکانی سعوودی، و ئەم بڕیارەیان بەهۆی نیگەرانی زیادبوونی فشاری تێچووی قەیرانەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر خێزانە بریتانییەکانەوە وەرگرتووە. باسکرا کە فڕۆکە تانکەرەکانی سوپای بریتانیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەست بە ئەرکی سووتەمەنیدانەوە دەکەن، و ئەم ئەرکە لەوانەیە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت. ئەم پاڵپشتییە زیاتر لەسەر سیستەمی بەرگری ئاسمانی بریتانیا دەبێت کە پێشتر لە عەرەبستانی سعوودی جێگیر بووە.
بۆرنام گوتی بەم پاڵپشتیدانە بۆ ڕیاز، دەیانەوێت بەرژەوەندی بریتانیا و هەرێمەکەش هەردووکیان بپارێزن، و جەخت لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی وزە و ڕێگاکانی گواستنەوە ڕووبدات.
فەرەنسا: ئامانج پاراستنی ئاسایشی ژێرخانی وزەیە
فەرەنساش ڕایگەیاند ئەو پاڵپشتییەی ئامادەیە بداتە عەرەبستانی سعوودی، ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ژێرخانی وزەیە. بەرپرسێکی فەرەنسی گوتی ئامادەن کار بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی ژێرخانی وزەی سعوودی کە لەلایەن حووسییەکانەوە دەکرێتە ئامانج، و گوتی 'ڕوانگەیەکی تەواو بەرگرانەیان' دەبێت.
هەمان بەرپرس ڕایگەیاند کە فەرەنسا ئامادەیە بەشدار بێت لە پاراستنی ئاسایشی تەسیسەکانی وزە لە بەندەری یەنبۆعی سعوودی لەسەر کەناری دەریای سوور و هەروەها هێڵی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا، بەڵام جەخت لەسەر ئەوەشی کردەوە کە ئەمە بە واتای بەشداریکردن لە ململانێ لەگەڵ حووسییەکاندا نایەت.
دوای هۆرموز، باب المەندەبیش داخرا
جەنگی ئێران کە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، لەگەڵ گەمارۆکانی هەردوو لایەن لە تەنگەی هۆرمووز، دابینکردنی وزەی کێشەدار کردووە و گرنگی هێڵی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا کە دەتوانێت نەوت لە کەنداوی عەرەبی بگوازێتەوە بۆ دەریای سوور، زیادی کردووە. حووسییە پشتیوانیکراوەکانی ئێرانیش لەم هەفتانەی دواییدا بەربڵاوکردنی ناوچە ژێر کۆنترۆڵەکانیان لە یەمەن، کۆنترۆڵیان بەسەر تەنگەی باب المەندەبدا سەپاندووە کە دەکاتە دەرگای دەریای سوور.
تورکیاش بەڵێنی پاڵپشتی دابوو
دوای ئەوەی حووسییەکان هێرشەکانیان توندتر کرد، تورکیا و پاکستان کە ئەندامی هاوپەیمانیێتی بەرگری مەککەن، پاڵپشتی خۆیان بۆ عەرەبستانی سعوودی ڕاگەیاند و بانگهێشتی حووسییەکانیان کرد لە زیادکردنی ململانێ خۆبگرن. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئێن تی ڤی، ئاماژەی بەوە دا کە پێداویستییە سەربازییەکانی عەرەبستانی سعوودی دەتوانرێت دابین بکرێت، و گوتی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی بەرگری هاوبەشی مەکەدا، هاوپەیمانێتییان لەسەر خۆیانە. فیدان هەروەها ڕایگەیاند کە قەیرانەکە لە ڕووی ئابووریەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە 'ئیتر بەرگەی نایگیرێت'.
