ئێران کەشتییە دەستگیرکراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەفرۆشێت

Rastinewsبەرپرسێکی دادوەری ئێران، حەسەن عەبدیانپوور، ڕایگەیاند کەشتییە بازرگانییەکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل کە بە بڕیاری دادگا لە تەنگاوی هۆرمز و کەنداوی بەسرە دەستگیر کراون، دەفرۆشرێن.
عەبدیانپوور لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزان ڕایگەیاند، داهاتی فرۆشتنەکە بۆ دانی خەسارەتی کەسوکاری قوربانییانی جەنگ و ئەو کەس و خێزانانەی زیانیان پێگەیشتووە بەکاردەهێنرێت.
هەلسەنگاندنی زیانەکانی هۆرمووزگان بەردەوامە
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی دیاریکردنی زیانەکانی هێرشەکان لە پارێزگای هۆرمووزگان و دەوروبەری، تا ئێستا 537 دۆسیە لە ناوچەکانی کەشم، بەندەر لەنگە و جاسک تۆمار کراون. عەبدیانپوور ڕایگەیاند، لەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە 100 سکاڵا لە دادگای شۆڕشی تاران تۆمار کراوە.
عەبدیانپوور ئاماژەی بەوەدا کە داواکارییە ماددی و مەعنەوییەکان لە بەشی یاساییی لقی 55ی دیوانی دادی تاران دوایدەکەوێت، هەروەها ڕایگەیاند دادگاییەکان لە هەفتەکانی داهاتوودا بە ڕیز دەخرێنە بەردەم دادگا.
