سەرکۆنسولخانەی هۆڵەندا: یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پاراستنی گەلی کوردستان و عێراق دەکات
سەرکۆنسولخانەی هۆڵەندا بەڕێوەچوونی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی لە هەژماری خۆی لە X پیرۆز کرد و ڕایگەیاند هێزێکی یەکگرتوو و بێلایەن ئاسایشی گەلی ناوچەکە دەپارێزێت.

Rastinewsسەرکۆنسولخانەی هۆڵەندا ڕۆژی دووشەممە، 21ی ئەیلوول، لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی X پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەڕێوەچوونی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی لە هەرێمی کوردستان پیرۆز کرد.
لەم پۆستەدا ئاماژە بە پشتیوانی هۆڵەندا بۆ ئەم هەنگاوە کرا و تیشک خرایە سەر ئەوەی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، پیشەیی و بێلایەن دەبێتە پاراستووی گەلی کوردستان و عێراق. سەرکۆنسولخانەی هۆڵەندا ڕایگەیاند شانازی بەوە دەکات بەشداری پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە دەکات.
هەر لەو ڕۆژەدا، بە بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مسروور بارزانی و وەزیری پێشمەرگە شۆرش ئیسماعیل، بە ڕێوڕەسمێکی فەرمی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ کرا.
«ڕۆژێکی مێژوویی بۆ کوردستان و پێشمەرگە»
سەرۆک وەزیران مسروور بارزانی لە وتارەکەی لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی بۆ کوردستان و پێشمەرگەیە. بارزانی بیری خستەوە کە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ئەرکی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵێنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا بووە، و ڕایگەیاند ئەم پرۆسەیە بۆ خۆی واتایەکی تایبەتی هەیە.
