ئاکەپەیی یاڤوز: تەنانەت پێشخستنی هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنیش بۆ کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان بەسە
یاردەمکاری سەرۆکی گشتی ئاکەپە و بەرپرسی کاروباری هەڵبژاردن عەلی ئیحسان یاڤوز، لە وتووێژێکدا لە ئاگری ڕایگەیاند داوایان کردووە پەرلەمان بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات، وە گوتی تەنانەت پێشخستنی هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنیش بۆ کاندیدبوونەوەی دووبارەی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەسە.

Rastinewsیاڤوز لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئاگری لەگەڵ نوێنەرانی دامودەزگا مەدەنییەکان و ڕۆژنامەنووسان، دەربارەی بەرواری ئەگەری هەڵبژاردن قسەی کرد. یاڤوز ڕایگەیاند بەپێی یاسا هەڵبژاردنەکان لە ئایاری 2028دا ئەنجام دەدرێن.
"تەنانەت هەفتەیەکیش بێت، مەبەست دێتە دی"
یاڤوز گوتی وەک ئاکەپە داوایان کردووە پەرلەمان بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات. ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر ئەم بڕیارە وەربگیرێت، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی تر کاندیدی هەڵبژاردن بێت.
یاڤوز کە ئاماژەی بەوەشی دا پێویست ناکات پێشخستنی هەڵبژاردن 6 مانگ یان ساڵێک بێت، گوتی: "بە ڕوونی دەڵێم، تەنانەت هەفتەیەکیش بێت، مەبەست دێتە دی. کەواتە بۆچی پەلە بکەین، ئێستا کاتی کارکردنە."
"بۆیە پەلەمان نییە"
یاڤوز ئاماژەی بەوە دا هەڵبژاردنێک کە هەفتەیەک یان دوو هەفتە پێش بکەوێت، وەک ئەوە دادەنرێت کە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دراوە. گوتیشی چاوەڕوانن ئەگەر پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی 360 ئەندام بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات، ڕێگا بۆ کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان دەکرێتەوە.
یاڤوز گوتی: "بەڵام بۆ ئەوە پەلەمان نییە. با لە کاتی کارکردندا کارەکانمان بکەین." هەروەها ئاماژەی بەوەشی دا بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن دەکرێت کەمێک پێش ئایار وەربگیرێت و پێشبینی دەکات ئەردۆغان کاندید دەبێت.
ڕێکخستنی دەستوور
بەپێی ماددەی 101ی دەستوور، کەس ناتوانێت زیاتر لە دوو جار ببێتە سەرۆک کۆمار. ئەردۆغان لە ساڵی 2023دا جارێکی تر بوو بە سەرۆک کۆماری تورکیا.
بەپێی ماددەی 116ی دەستوور، ئەگەر پەرلەمانی تورکیا لە دووەم قۆناغی سەرۆک کۆماردا بە 360 دەنگ بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات، سەرۆک کۆمار دەتوانێت جارێکی تر کاندید بێت.
