بەحچەلی، سکرتێری گشتی مەهەپە: پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' تەنیا بابەتی ئاسایش نییە
سکرتێری گشتی مەهەپە، دەڤلەت بەحچەلی، لە پەیامێکی خۆیدا کە لە کۆنگرەی پارێزگای ئەنقەرەی پارتەکەیدا خوێندرایەوە، ووتی پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' لە ڕووی برایەتی و یەکیەتی نیشتمانییەوە گرنگییەکی مێژوویی هەیە. هەروەها ڕایگەیاند کە مەهەپە بە هەستی دەنگ وەرگرتن کار ناکات.

Rastinewsسکرتێری گشتی مەهەپە، دەڤلەت بەحچەلی، دەربارەی ئەو پرۆسەیەی ناوی لێناوە «تورکیای بێ تیرۆر»، ووتی: «بیر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکەینەوە، بەڵکو بیر لە نەوەکانی داهاتوو دەکەینەوە».
پەیامی بەحچەلی لە کۆنگرەی 15ی ئاساییی سەرکردایەتی پارێزگای ئەنقەرەی مەهەپە خوێندرایەوە، کە لە ناوەندی کۆنگرە و پێشانگای ATO بەڕێوەچوو.
بەحچەلی ڕایگەیاند کە ئەم پرۆسەیە تەنیا سنووردار بە ئاسایش نییە، بەڵکو لە ڕووی بەهێزکردنی برایەتی، زیادکردنی هاوپشتی نیشتمانی و ئاراستەکردنی سەرچاوەکان بۆ گەشەپێدانیشەوە گرنگی هەیە.
بەحچەلی گوتی: «وەک درێژایی مێژووی سیاسیمان، نەک بە هەستی دەنگ وەرگرتن، بەڵکو بە خۆشەویستی نیشتمان کار دەکەین؛ بیر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکەینەوە، بەڵکو بیر لە نەوەکانی داهاتوو دەکەینەوە».
بەحچەلی ئاماژەی بە ململانێی هەرێمی و نادیاریە جیهانییەکان کرد و ووتی پارتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی ئێستای خۆی. جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی-ئۆلکۆجی «دەستەبەری یەکیەتی و ئاسایشی گەلی تورک»ـه.
لە کۆنگرەکەدا، ئەلپەرسلان دۆغان، سەرۆکی ئێستای پارێزگا کە تاکە کاندید بوو، دووبارە هەڵبژێردرا.
