ئەمریکا: میسیۆنی سەربازیمان لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلوول کۆتایی پێدەهێنین
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەردەوامن لەسەر بڕیاری کۆتایی هێنان بە کردەوە سەربازییەکانی هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق، تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦. واشنتن ڕایگەیاند کە لە قۆناغی داهاتوودا گرنگی زیاتر بە هاوبەشی ئابووری و دیپل�وماسی لەگەڵ عێراق دەدات.

Rastinewsقسەکەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردا، نوێنەری ڕووداو لە واشنتن، وتی ئەو خشتە کاتییەی بۆ کۆتایی هێنان بە میسیۆنی سەربازی لە عێراق دیاریکراوە، ئێستا جێبەجێ دەکرێت.
قسەکەرەکە گوتی: «واشنتن هەنگاو بەپێی خشتە کاتییەکی هاوبەش هەڵدەگرێت، کە بۆ کۆتایی هێنان بە کردەوە سەربازییەکانی هاوپەیمانیێتی لە عێراق دیاریکراوە.»
قسەکەرەکە ڕایگەیاند کە قۆناغی گواستنەوەکە ڕەنگدانەوەی بەهێزبوونی توانای هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە، لەوانە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، وتیشی ئەم گەشەپێدانە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن.
پشتگیری واشنتن لە حکومەتی عێراق
قسەکەرەکە ئاماژەی بە چاوپێکەوتنی ١٤ی تەمووزیشی دا کە لەنێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدرا، و وتی واشنتن پشتگیری هەوڵەکانی بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و ڕێگریکردن لە هێرشە دەرەکییەکان بەسەر خاکی ئەم وڵاتەوە دەکات.
لە ڕایگەیاندنەکەدا هاتووە کە مەبەست گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە، لە پێکهاتەیەکی سەرەکی ئاسایشی بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەن کە بواری ئابووری، وزە، وەبەرهێنان، پەرەپێدان و ژێرخانی لەخۆدەگرێت.
حەیدەر عەبوودی، قسەکەری حکومەتی عێراق، پێشتریش لە ڕایگەیاندنێکدا بۆ ڕووداو وتبووی ٣٠ی ئەیلوول لە ڕووی سەروەریی عێراقەوە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ.
