ڕەمەزان باکوور: ژیان، زمان و هونەر

Rastinewsگەشتی من لە بواری پاراستنی زمان دوور و درێژە. زیاتر لە پازدە ساڵە پاراستنی زمانم کردووەتە ئامانجی خۆم. پاراستنی زمان لە لایەکەوە، نووسین بەشێکە لە کاری هونەر. هونەر لە ژیانی هەموو کەسێکدا هەیە. ژیان بێ هونەر نییە. هەموو کەسێک گوێی لە مۆسیقا دەگرێت، هەموو کەسێک حەزی لە گوێگرتن و خوێندنەوەی هەڵبەستە. هەموو کەسێک گرنگی بە کاری ئەدەبی دەدات، هەموو کەسێک سەیری فیلم دەکات، بەڵام دەڵێن؛ هونەر کاری بژێوی نییە. مرۆڤ دەیەوێت ئەم پرسیارە لە هەموو کەسێک بکات: کارێک کە لە ژیانی هەموو کەسێکدا هەیە و کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو کەسێک دادەنێت، بۆچی نابێتە کاری بژێوی؟
لە مێژووی کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ، کاری ئەدەبی و هونەری کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر نەتەوە و مرۆڤایەتی هەبووە. باشترین نموونە، بارودۆخی وڵاتانی ئەوروپایە. دوای ڕۆنسانس و ڕیفۆرم و شۆڕشی فەرەنسا، ئەوروپا بوو بە ناوەندی شارستانیەتی جیهان. نووسەرانی ئەوروپی بە بەرهەمە فەلسەفییەکانیان بیرکردنەوەی مرۆڤیان گۆڕی و لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانە شارستانیەت بنیاد نرا. پێش ڕۆنسانس و ڕیفۆرم، دڕندایەتی و توندڕەوییەکی سەخت وەک توندڕەوی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وڵاتانی ئەوروپاش هەبوو. نەتەوەکانی ئەوروپا لەژێر زۆری ئایینپەرستیدا دوور لە مرۆڤایەتی دەژیان. شەڕ و ئاژاوە و توندڕەوییەکی ترسناک لەنێویاندا هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ ئەوروپا ناوەندی شارستانیەتی جیهانە.
کارە هونەرییەکان، وەک مۆسیقا، شانۆ، سینەما و ئەدەب، کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە. کاریگەری کارە هونەرییەکان کاریگەرییەکی ئەرێنی و ئاشتیخوازانەیە و مرۆڤ لە ڕووی دەروونییەوە هێمن و دڵخۆش دەکات. مرۆڤ دەباتە ڕێگای ئاشتیخوازی و بیرکردنەوە. کولتووری نەتەوە بە هەوڵ و کۆششی هونەرمەند و ڕۆشنبیران پارێزراوە و پەرەی سەندووە. لە ڕابردوودا لەنێو نەتەوەی کوردماندا، هونەرمەند و ڕۆشنبیران لەنێو گەلماندا لە ئەمڕۆ زیاتر ڕێز و نرخیان هەبوو. کۆمەڵگا و سەرکردەکانی ئەو سەردەمە وەک میرەکانی هەرێم پشتگیرییان لێ دەکردن. بژێوی ژیانیان زۆرتر لەسەر شانی کۆمەڵگا و سەرکردە هەرێمییەکان بوو. پاراستنی کولتوور و گۆڕینی بیرکردنەوە هەمیشە بە هەوڵ و کۆششی ڕۆشنبیر و هونەرمەندان ڕوویداوە. بەڵام لە جیهاندا ڕۆشنبیر و هونەرمەند لەناو هەژاریدا ژیاون و لەناو هەژاریشدا کۆچی دوایییان کردووە.
هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان خاوەن دەرفەتن، چونکە دەوڵەت بە دامەزراوەکانی زمان، کولتوور، پەروەردە و ناوەندە هونەرییەکانەوە پشتگیرییان لێ دەکات. بەڵام هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی نەتەوەیەک وەک گەلی کورد، بێ پشتگیری، ناتوانن بە ئارامی و ئازادی کارەکەیان بکەن و ڕووبەڕووی زۆرداری و چەوسانەوەیەکی زۆر قورس دەبنەوە. کاتێک ڕۆشنبیر و هونەرمەندانمان بەرهەمێک بەرهەم دەهێنن زۆر دڵخۆش دەبن، بەڵام هەر لەژێر ترس و تۆقینی لێپرسینەوە و فشاردا دەمێننەوە. تەنها گرفتی دروستکردنی بەرهەمەکە نییە، هەمیشە لەژێر فشار و زۆری دەوڵەتانی داگیرکەردا ماونەتەوە. داگیرکەرانی وڵاتمان، هەتا ئەم ساڵانەی دواییش، ڕێگریان لە کاری هونەر و ڕۆشنبیری دەکرد. زۆر هونەرمەند و ڕۆشنبیرمان ناچار بوون کارەکانیان لە دەرەوەی وڵات بکەن.
هەتا ئێستا زۆر هونەرمەند و ئەدیبی کورد لە دەرەوەی وڵات کارەکانیان ئەنجامداوە، بەڵام هەندێک کاری هونەری وەک شانۆ و سینەما هەیە کە ئەگەر لەنێو گەلی خۆیدا ئەنجام نەدرێن، پەرەیان ناگرێت. لەبەر ئەوە بە تایبەت لە باکووری کوردستان، بەداخەوە کاری شانۆ و سینەما لەنێو گەلماندا پەرەی نەگرت. هەندێک هەوڵ و کۆشش هەبوون و هەن، بەڵام ئەوانیش نەک بە زمانی کوردی، بەڵکو بە زمانی داگیرکەر ئەنجام دراون. لە لایەکی دیکەوە، هەموو کارەکانی هونەرمەندانی کورد نەچوونەتە ناو بواری نێودەوڵەتی و لە ناوخۆدا ماونەتەوە. بەڵام دەزانین زمان، کولتوور و هونەری نەتەوە، ناسنامەی نەتەوەیە. هەر نەتەوەیەک بۆ ناساندنی خۆی، بە کاری زمان، کولتوور و هونەرەوە دەچێتە ناو بواری نێودەوڵەتی. هونەرمەند و ڕۆشنبیر لە بواری نێودەوڵەتیدا دەبنە نوێنەری گەلی خۆیان.
هەتا ساڵی (2000)ی دوو هەزار، بە نزیکەی سەدەیەک، لە باکووری کوردستان ڕێگری لە کولتوور، هونەر و ئەدەبی کوردی دەکرا. بۆ ساڵانێک ئامادەکاری کاری ئەدەبیم دەکرد، بەڵام دەرفەت نەبوو. دوای ساڵی (2000)ی دوو هەزار، لەژێر فشاردا هەندێک دەرفەت دروست بوو. لەو کاتەوە دەستم بە ئامادەکاری و کۆکردنەوە کرد. لەو کاتەدا دەستم بە نووسینی یەکەم ڕۆمانم کرد. ڕۆمانەکەم نووسیبوو، بەڵام بۆ چاپکردنی گرفت هەبوو. ساڵی (2014)ی دوو هەزار و چواردە، ڕۆمانەکەم بە ناوی «ئەنفالی ژیان» چاپکرد. کاتێک ڕۆمانەکەم دەدا بۆ چاپکردن، لە باکووری کوردستان هەر کتێبێک چاپ دەکرا، وەزارەتی کولتوور کتێبەکەی بەبەرچاودا دەبرد و پاشان بانددرۆڵی بە دەزگای بڵاوکردنەوەکە دەدا. تەنانەت لەو کاتەشدا ڕێگری دەکرا. لەبەر وەزارەتی کولتوور گومانم هەبوو و دەمگوت وەزارەتی کولتوور ڕێگری لە چاپکردنی ڕۆمانەکەم دەکات.
لە سەردەمی ئەنفالدا، ساڵی 1986-1987 چوومە باشووری کوردستان. بارودۆخەکەم بە چاوی خۆم بینیبوو، زانیاری و تێبینی ڕاست و زیندووم لای خۆم تۆمار کردبوو و نووسیبوومن. هاتوچۆ لەسەر سنوور و شوێنە مەترسیدارەکان لەنێوان باکوور و باشوور، هەروەها پەیوەندی گەلی باکوور و باشوورم بینیبوو. بینیبووم چۆن ئابووری باکوور و باشوور بە یەکەوە بەستراوە بوو. لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دانیشتبووم و بە وردی گفتوگۆم لەسەر بابەتە جیاوازەکان کردبوو. زەوی و زارەکانی ناوچەی بادینانم ناسیبوو و بووبووم بە میوانی زۆر ماڵ. بەڵام ئەو زانیاری و تێبینیانەم دوای (27) ساڵ وەک ڕۆمان چاپکرد. ئەم هەوڵانەم لەو کاتەدا نیشان دەدەن کە بۆ نووسین بە زمانی کوردی چەند ئاستەنگ و فشارێک هەبووە. دوای ئەوەی ڕۆمانەکەم بەناوی «ئەنفالی ژیان» چاپکرا، چیتر دەستم لە نووسین بە زمانی کوردی هەڵنەگرت.
دووبارە دەڵێم، زمانمان، کولتوور و هونەرمان ڕێز و ناسنامەمانن. ئەدەب و ڕۆشنبیریمان چرای داهاتوومانە. هەرچەندە زۆرداری و چەوسانەوە هەبێت، هەرچەندە قەدەغە و ڕێگریش هەبێت، پێویستە دەست لە خۆمان هەڵنەگرین و بە خۆڕاگری و بەردەوامی هەوڵ و کۆششمان بەردەوام بین. ئەدیبانی کلاسیکمان لەگەڵ هاوچەرخانی خۆیان کارەکانیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە و پێویستە ئێمەش لەگەڵ هاوچەرخانی خۆمان کارەکانمان بە سەرکەوتوویی بەردەوام بکەین.
بۆچوونەکانی ئەم نووسینە هی نووسەرەکەیەتی؛ لەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی بڵاوکردنەوەی Rastinews بگونجێت یان نەگونجێت. Rastinews پلاتفۆرمێکی ئازادە و بەرەوڕووی بۆچوونی جیاواز کراوەیە.
