چاندار: ناوەڕۆکی یاسای چوارچێوە تەنها لای ئەردۆغان، قالن و ئۆجەلان ڕوونە
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دەم، دەربارەی یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئیمرالی کە پێشنووسەکەی ئامادەکراوە و پێشبینی دەکرێت لەم ڕۆژانەدا بخرێتە بەردەم پەرلەمان، ڕایگەیاند کە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە تەنها لەلایەن ئەردۆغان، ئیبراهیم قالن و ئۆجەلان دەزانرێت.

Rastinewsجەنگیز چاندار، ئەندامی پارتی دەم، لە قسەکانی دەربارەی یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئیمرالی — کە پێشنووسەکەی ئامادەکراوە و پێشبینی دەکرێت لەم ڕۆژانەدا بخرێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا — ڕایگەیاند کە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە تەنها لەلایەن ئەردۆغان، ئیبراهیم قالن و ئۆجەلان دەزانرێت.
چاندار لە قسەکردن بۆ ڕووداودا ڕایگەیاند کە چاوەڕوانن یاسای چوارچێوە ئەم هەفتەیە بخرێتە بەردەم پەرلەمان و هەر لەم هەفتەیەدا ببێتە یاسا.
بەگوێرەی گوتەی چاندار، دوای ئەوەی پێشنیارەکە دەبێتە یاسا، پەرلەمان دەچێتە پشوو:
"ئەو زانیارییەی گەیشتووەتە دەستمان ئەوەیە کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی دووشەممە پێشنووسەکە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت. بەپێی ڕێنامەی ناوخۆیی پەرلەمان، چەند قۆناغێک هەن کە دەبێت تێپەڕێن هەتا ببێتە یاسا. پێشبینییەکان ئەوەن کە پێشنووسەکە لە کۆمیسیۆنەوە دەردەچێت و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەنێردرێتە ئەنجومەنی گشتی. لە پێنجشەممەی داهاتوودا، واتە ڕۆژی ٦ یان ٧ی مانگ، دەبێتە یاسا و دواتر پەرلەمان دەچێتە پشووی هاوین."
چاندار ڕایگەیاند کە دەقی پێشنووسەکە هێشتا لەگەڵ هیچ حزبێکی سیاسی هاوبەش نەکراوە، هەروەها گوتی حزبەکەی خۆیشی لەم بارەوە ئاگادار نییە:
"هەتا ئێستا هیچ حزبێک، لەوانە پارتی دەم، ناوەڕۆک و وشەکانی پێشنووسەکەی نەبینیوە. بەڵام دیارە سەرۆک کۆمار ئەردۆغان ئەمانی بینیوە. لەوانەیە سەرۆکی میت، ئیبراهیم قالن، ئاگاداری بێت و بێگومان عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەمە ئاگادارە."
چاندار ئاماژەی بەوەشدا کە ئاکەپە لەم بارەیەوە ڕەفتارێکی دوودڵانەی نواندووە و هەڵسەنگاندنی خۆی ئاوا گەیاند: "لە ڕاستیدا ئامانج ئەوە بوو ئەم یاسایە دوای کردنەوەی پەرلەمان بهێنرێتە پێش، بەڵام شوێنکەوتنی بەحچەلی و داواکارییەکانی ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتداری ناچار کرد."
چاندار جەخت لەوەشیدایەوە کە پرۆسەی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بەپلەپلە دەبێت، نەک بەیەکجاری، و گوتەکانی بەم شێوەیە بەردەوامکرد:
"بە تەواوی یەکجار نابێت، بەڵکو لەناو خشتەیەکی کاتیدا دەبێت. لە قۆناغی یەکەمدا، ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە تاوانێکی ڕاستەوخۆوە نییە، لیستی ناوەکانیان لای دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا ئامادەیە. کۆمەڵێک چەکدار و هەندێک ناو لە ئەوروپا، دوایی کەسانی لە زیندانەکان، لەم خشتە قۆناغبەندییەدا سوود وەردەگرن. کاتێک پێشنووسەکە دەردەچێت، بە شێوەیەکی کۆنکرێت دەردەکەوێت کێ بە چ ژمارەیەک دێتەوە."
سەرچاوە: هاڵک تیڤی
