بازدان بۆ ناوەڕۆک
جیهان2 خولەک خوێندنەوە

ئەڵمانیا: جووتێکی کورد بێ سێ منداڵەکەیان بۆ تورکیا دەرکران

بڵاوی بکەرەوە
ئەڵمانیا: جووتێکی کورد بێ سێ منداڵەکەیان بۆ تورکیا دەرکران

Rastinewsله ئەڵمانیا باسی ئەوە کرا که جووتێکی کورد بێ منداڵە بچووکەکانیان بۆ تورکیا دەرکراون.

کۆمەڵەی پەنابەرانی هێسن ڕایگەیاند که سێ منداڵەکەی ئەم جووتە له چاودێری فەرمانگەی گەنجانی ئەڵمانیا ماونەتەوە، بچووکترینیان تەمەنی 5 مانگە، دووانی تریش تەمەنیان 1.5 و 3 ساڵە.

بەپێی زانیاریەکانی کۆمەڵەکە، فەرمانگەی گەنجان پێشتر له مانگی شوبات مافی سەرپەرشتیکردنی دایک و باوکی بە کاتی هەڵگرتبووەوە و سەرپەرستێکی فەرمی بۆ منداڵەکان دیاری کردبوو. له کۆتایی مانگی حوزەیراندا منداڵەکان بە مەبەستی پاراستن له لای خێزانەکانیان وەرگیران و له شوێنێکی تر نیشتەجێ کران.

کۆمەڵەکە ڕوونی کردەوە که ئەم هەنگاوەی فەرمانگەی گەنجان بڕیارێکی کۆتایی نییە، بەڵکو تەنها ڕێوشوێنێکی کاتییە بۆ پاراستنی منداڵەکان، هەروەها بۆ دایک و باوک چەند پرۆگرامێکی پشتگیری پێشکەش کراوە و مافی بینینی منداڵەکانیشیان پێدراوە.

«لەوانەیە دووربوونەوەیەکی هەمیشەیی بەدواوە بێت»

کۆمەڵەی پەنابەرانی هێسن ئاگاداری کردەوە که لەکاتی دەرکردنی جووتەکە، مانەوەی منداڵەکان له ئەڵمانیا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی دایک و باوک بۆ هەمیشە له منداڵەکانیان جیا بکرێنەوە و ئەگەری کۆبوونەوەی دووبارەی خێزانەکە بە تەواوی لەناوببات.

ناوەندی ڕەخنەکان لەسەر ئەوەیە که ئەم ئەنجامە له ڕێگەی بڕیارێکی کۆتایی فەرمانگەی گەنجان یان دادگای خێزانەوە نەهاتووەتە کایەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئەنجامی پرۆسەیەکی بەڕێوەبردنی دەرکردنە.

شێرنبێرگ: بە تەواوی سکاندالێکە

تیمۆ شێرنبێرگ، بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی پەنابەرانی هێسن، ڕایگەیاند: «دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا منداڵەکان بۆ پاراستنیان بۆ هەمیشە له خێزانەکانیان جیا بکرێنەوە یان نا، دەبێت تەنها هی ئەو دامەزراوانە بێت که بەرپرسیارن له باشبوونی منداڵ، نەک ئەو دەسەڵاتانەی کە کاروباری دەرکردن بەڕێوە دەبەن. ئەوەی لێرەدا لە ڕێگەی دەرکردنەوە بارودۆخێکی کردەیی دروستکراوە، بە تەواوی سکاندالێکە.»

شێرنبێرگ ڕایگەیاند که دوای دەرکردنی دایک و باوک، گەڕاندنەوەی منداڵەکان بۆ خێزانەکەیان بە شێوەیەکی کردەیی نزیکەی مەحاڵ دەبێت و لەم بارەیەوە وتی: «دوای ئەوەی دایک و باوک بۆ دەرەوەی وڵات دەنێردرێن، گەڕانەوەی منداڵەکان بۆ خێزان بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ نابێت. چونکە فەرمانگەی گەنجان چۆن دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەوەی ئایا لە هەڵسوکەوتی دایک و باوکدا باشبوونێک ڕوویداوە یان نا؟ کاتێک دایک و باوک ئیتر لێرە نین و چاوپێکەوتنی چاودێریکراویش ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵسەنگاندنە ناکرێت.»

«قەدەغەکردنی چوونەژوورەوەی دایک و باوک بۆ ئەڵمانیا»

هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت که دایک و باوکی دەرکراو لەگەڵ قەدەغەیەکی چوونەژوورەوەی دووبارە بۆ ئەڵمانیا ڕووبەڕوو دەبنەوە، لەبەر ئەوە دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکە زۆر کەمە. لەلایەکی دیکەشەوە، دەوترێت که منداڵەکانیش بەبێ هەڵسەنگاندنێکی نوێی فەرمانگەی گەنجان ناتوانرێت بە تەنها بۆ لای دایک و باوکیان بنێردرێن.

بەپێی ئەوەی DW بڵاوی کردووەتەوە، شێرنبێرگ جەخت لەوە کردەوە که جیابوونەوەی هاوشێوەی خێزانی لەکاتی پرۆسەی دەرکردندا هەندێک جار ڕوودەدات، بەڵام ئەم ڕووداوە بارودۆخێکی نائاسایی پێکدەهێنێت و ئەم ڕوونکردنەوەیەی خستەڕوو:

«لە پرۆسەکانی دەرکردندا زۆرجار شایەتی پارچەبوونی خێزانەکان دەبین. بەڵام من بە کەسی خۆم پێشتر هەرگیز شایەتی ڕووداوێک نەبووم که تیایدا سێ منداڵی بچووک له ئەڵمانیا لەژێر چاودێری دەوڵەت مابنەوە و دایک و باوکیش دەرکرابن. ئەم جۆرە ڕووداوانەمان هەتا ئێستا تەنها له ئەمریکاوە دەبیست. تەنانەت بیرکردنەوەی ئەوەشی که لە ئەڵمانیا ڕووبدات، قورس بوو.»

بڵاوی بکەرەوە

لێدوانەکان

لێدوان بنووسە

خوێندنەوەی زیاتر

    ئەڵمانیا: جووتێکی کورد بێ سێ منداڵەکەیان بۆ تورکیا دەرکران — Rastinews