پەرلەمانی سووریا کۆبووەوە: کورد لە کۆمیتەی ئەندامنامەی ناوخۆدا نییە

Rastinewsلە کۆمیتە تایبەتەکەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئەندامنامەی ناوخۆی مەجلیسی گەلی سووریا، هیچ نوێنەرێکی کورد ئامادە نەبووە. ئەندامانی پەرلەمانی کورد داوای بەشداریی کاریگەریان کرد لە کۆمیتە پسپۆڕییە داهاتووەکاندا.
مەجلیسی گەلی سووریا دووەم دانیشتنی وەرزی یاسادانانی خۆی بەڕێوەبرد، لەکاتێکدا گفتوگۆکان لەسەر ڕەشنووسی ئەندامنامەی ناوخۆ کە شێوازی کارکردنی پەرلەمان دیاری دەکات، بەردەوامە.
سەرنجڕاکێش بوو کە لە کۆمیتە تایبەتەکەی ئامادەکردنی ئەم ڕەشنووسە کە لە 227 ماددە پێکهاتووە، هیچ نوێنەرێکی کورد بەشدار نەبووە. لە یەکەم و دووەم دانیشتندا کە ڕەشنووسەکە تێیدا گفتوگۆی لەسەر کرا، تەنها 18 ماددە پەسند کرا.
بەپێی هەواڵی ڕووداو، ئەندامانی پەرلەمانی کورد ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری کۆمیتە یاسادانەرەکان بکەن کە دوای پەسەندکردنی ئەندامنامەی ناوخۆ دروست دەکرێن.
ئەحمەد موراد، ئەندامی پەرلەمانی کورد، بە ئاماژەدان بە بواری خوێندنی بەرزو پەروەردە و دەستوور وتی: "کار دەکەین بۆ ئەوەی بە توندی بەشداری گرنگترین کۆمیتەکان بکەین، وەک خوێندنی بەرز، پەروەردە و دەستوور."
ڕدوان سیدۆ، ئەندامی پەرلەمان و پارێزەری کورد، ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریی کورد لە کۆمیتەی دادپەروەریی گواستنەوە و مافی مرۆڤ کرد.
سیدۆ وتی: "دادپەروەریی گواستنەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. پێویستە بەشداری ئەم کۆمیتەیە بکەین، بۆ ئەوەی ئەو نادادپەروەرییانەی لە دژی کورد ئەنجام دراوە چارەسەر بکرێن، زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە و هەموو ئەوانەی تاوانیان لە دژی کورد کردووە دادگایی بکرێن."
سیدۆ گوتی کە ئەندامانی پەرلەمانی کورد نەک تەنها لەم بوارانە، بەڵکو لە هەموو کۆمیتەکانی پەرلەماندا کار بۆ بەشداریی خۆیان دەکەن.
بەپێی گوتەی ئەندامانی پەرلەمان، گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی ڕەشنووسی ئەندامنامەی ناوخۆ کە 227 ماددەیە، لەوانەیە زیاتر لە 10 ڕۆژ بخایەنێت.
چاوەڕوانکراوە دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، 21 کۆمیتەی پسپۆڕی لە پەرلەماندا دروست بکرێن کە لە بوارەکانی وەک دەستوور، دارایی، ئابووری، بەرگری و ئاسایش، پەیوەندییە دەرەکییەکان، خزمەتگوزاریی گشتی، پەروەردە، تەندروستی و کشتوکاڵدا کار بکەن.
