بازدان بۆ ناوەڕۆک
ڕۆژەڤ3 خولەک خوێندنەوە

هەموو کەسێک ئەرکدارە، کەس بەرپرس نییە

ئەرکدارە بەڵام بەرپرس نییە...

بڵاوی بکەرەوە
هەموو کەسێک ئەرکدارە، کەس بەرپرس نییە

ئەرکدارە بەڵام بەرپرس نییە...

لە فڕۆکەخانەین. گروپێکین لە چوار کەس. لە مێزی چێک-ئینەوە داوا لە ئەرکدارەکە دەکەین بزانین دەتوانین پێکەوە دانیشین یان نا، چونکە کاتێک لە ئینتەرنێتەوە سەیرمان کردووە بینیوومانە هێشتا زۆر کورسی بەتاڵن و دەکرێت بکڕدرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر ئەوەی کەم ماوە بۆ فڕینی فڕۆکەکە، ئیمکانی فرۆشتنی ئەم کورسیانە بۆ کەسانی تر تەقریبەن نەماوە. هەموو ئەمانە بۆ ئەرکدارەکە باس دەکەین. ئەرکدارەکە دەڵێت ئەمە ناکرێت. دەپرسم ئایا ئەوەی من دەیڵێم لۆژیکی هەیە یان نا. دەڵێت بەڵێ، لۆژیکی هەیە. هەروەها قبووڵ دەکات کە داواکارییەکەمان فامکراوە و تەواو ئاساییە. بەڵام دەڵێت هیچ شتێکی لە دەستی نایەت. ئەرکدار لەوێیە بەڵام دەسەڵاتدار نییە. لەسەر کارێک دادەنیشێت بەڵام مافی بڕیاردانی لەسەر ئەو کارە نییە. لێمان تێدەگات، ماف بە داواکارییەکەمان دەدات، لەوانەیە بیەوێت یارمەتیمان بدات، بەڵام ناتوانێت بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆی هەڵسوکەوت بکات. تەنها ئەوە دەکات کە سیستەمی لەبەردەمیدا ڕێی پێدەدات.

Hartmut Rosa، لە کتێبی خۆیدا بە ناوی Situation und Konstellation. Vom Verschwinden des Spielraums (واتە دۆخ و کۆنستێلاسیۆن: لەناوچوونی بۆشایی کار) کە لەم دواییانە (2026) بڵاوکراوەتەوە، ڕوون دەکاتەوە چۆن لە دامودەزگا مۆدێرنەکاندا بۆشایی هەڵسوکەوت و بڕیاردانی مرۆڤ لەناودەچێت. لە زۆربەی کاتەکاندا مرۆڤەکان تەنها لەوێن بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی پێشوەخت دیاریکراو جێبەجێ بکەن. ناتوانن بەپێی ویست و بیر و هەستی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن. یاسا و فۆرم و ئەلگۆریتم و سیستەمە دیجیتاڵییەکان پێشوەخت دیاریان کردووە کە لە هەر دۆخێکدا چۆن دەبێت هەڵسوکەوت بکرێت. ئەرکدار لەسەر مێزێک دادەنرێت وەک بەرپرس، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی بڕیاردانی ڕاستەقینەی پێ نییە. چونکە بەرپرسیارێتی تەنها جێبەجێکردنی ئەرکێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو توانای هەڵسەنگاندنی دۆخ و بڕیاردان لە کاتی پێویستدایە. کاتێک ئیمکانی بڕیاردان لادرا، تەنها ئەرکەکە دەمێنێتەوە.

جامعەناسی ئەمریکی، Arlie Russell Hochschild، کە پێشتر لە هەندێک نووسینی خۆمدا باسم کردووە، لە کتێبی خۆیدا بە ناوی Das gekaufte Herz: Die Kommerzialisierung der Gefühle (واتە دڵی کڕدراو: بازرگانیکردن بە هەستەکان) کە ساڵی 2006 لە ئەڵمانیا بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەیەکی هاوشێوە، بە تایبەت لە ڕێگەی کارمەندانی هێڵی فڕۆکەوانییەوە ڕوون دەکاتەوە. Hochschild نیشان دەدات چۆن پیشەیی بوون نەک تەنها هەڵسوکەوت، بەڵکو شێوازی دەربڕینی هەستەکانیش ڕێک دەخات. لە کارمەندانی هێڵی فڕۆکەوانی تەنها چاوەڕوان ناکرێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو داوا لێیان دەکرێت ئەمە بەشێوەیەک بکەن کە کڕیار ڕازی بکات، هێمنی بکاتەوە و هەستی بە بەنرخبوون بکات. کەواتە لەبەردەممان تەنها ئەرکدارێک نییە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە، بەڵکو کەسێکە ڕاهێنراوە بۆ ئەوەی ئەم بێدەسەڵاتییە بە ڕووگەشی و تێگەیشتن و هاوسۆزییەوە پێشکەش بکات. ئەرکدار لە کاتی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەت ناتوانێت تووڕە بێت، ناتوانێت بێزاری خۆی دەربخات یان بەکراوەیی لەگەڵت بێمانایی سیستەمەکە ڕەخنە بگرێت. دەبێت هەست بکەیت کە تێدەگات، دەبێت بە دۆستانە هەڵسوکەوت بکات و ڕەتکردنەوەکەی هەتا دەکرێت نەرم بکاتەوە.

Hochschild ڕوون دەکاتەوە بە تایبەت پێکەنینی کارمەندانی کابین، دەنگیان، دڵسۆزییان و هاوسۆزییان وەک شانۆیەکی هەمیشە دووبارەبووەوە فێر دەکرێن. لە کارمەند چاوەڕوان ناکرێت تەنها هەڵسوکەوتێکی دیاریکراو نیشان بدات، بەڵکو داوا لێی دەکرێت هەستی گونجاو لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتە دروست بکات، یان بەلایەنی کەم وا دەربکەوێت کە دروستی دەکات. پێکەنین ئیتر دەربڕینێکی هەستی خۆبەخۆ نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئەرکی پیشەیی. بەم شێوەیە، دامودەزگای مۆدێرن نەک تەنها دەسەڵاتی بڕیاردانی کارمەند، بەڵکو شێوازی بەکارهێنانی هەستەکانیشی دیاری دەکات. ئەرکدار ناتوانێت یارمەتیت بدات، بەڵام دەبێت وا دەربکەوێت کە دەیەوێت یارمەتیت بدات. ناتوانێت داواکارییەکەت جێبەجێ بکات، بەڵام دەبێت هەست بکەیت کە تێدەگات. ناتوانێت بڕیارەکە بگۆڕێت، بەڵام بەرپرسیارە لەوەی ڕەتکردنەوەکەت زیاتر بۆت بەرگەگرتنی بکات.

لەگەڵ ئەو لەناوچوونی بۆشایی هەڵسوکەوت و بڕیاردانەی کە Rosa باسی دەکات، ئەرکی هەستی کە Hochschild باسی دەکات زیاد دەکرێت. نەک تەنها چی ئەنجام دەدات، بەڵکو بە چ دەموچاو، چ دەنگ و چ دەرکەوتنی هەستییەوە ئەنجامی دەدات، پێشوەخت دیاریکراوە. ئەرکداری کە ویستی لێسەندراوەتەوە، ناچار دەکرێت ئەم بێویستییە لەژێر ڕوکەشی دڵسۆزیدا پێشکەش بکات. لەبەر ئەوە، پێکەنینی ئەرکداری فڕۆکەخانە لەوانەیە نیشانەی پەیوەندییەکی ئازادانەی ڕاستەقینە نەبێت. ئەو پێکەنینە ڕووی سیستەمە بەرەو کڕیار. سیستەم دەڵێت \"نا\"، بەڵام ئەرکدار ناچارە ئەم \"نا\"یە بە نەرمی و تێگەیشتن و پێکەنینەوە بگەیەنێت.

ئێمە هەر لە جیهانی هەروا کەسانەدا دەژین: هەموو کەسێک ئەرکدارە، بەڵام کەس بەرپرس نییە.

بەردەوامە...

بۆچوونەکانی ئەم نووسینە هی نووسەرەکەیەتی؛ لەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی بڵاوکردنەوەی Rastinews بگونجێت یان نەگونجێت. Rastinews پلاتفۆرمێکی ئازادە و بەرەوڕووی بۆچوونی جیاواز کراوەیە.

بڵاوی بکەرەوە

لێدوانەکان

لێدوان بنووسە

خوێندنەوەی زیاتر

    هەموو کەسێک ئەرکدارە، کەس بەرپرس نییە — Rastinews