بازدان بۆ ناوەڕۆک
ڕۆژەڤ4 خولەک خوێندنەوە

ڕەمەزان باکور: کورد و ئەدەبیاتی جیهان

لە بازاڕی ئەدەبیاتی جیهاندا، جا ئەدەبیاتی کۆن بێت جا سەردەم، جا کلاسیک بێت جا مۆدێرن، جا زانستی بێت، ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی یان مێژووی، ئەدەبیاتی کوردی ئەدەبیاتێکی زۆر بەهێزە، بەڵام بەداخەوە لە جیهاندا بێدەنگ و بێکاریگەرییە.

بڵاوی بکەرەوە
ڕەمەزان باکور: کورد و ئەدەبیاتی جیهان

Rastinewsلە بازاڕی ئەدەبیاتی جیهاندا، جا ئەدەبیاتی کۆن بێت جا ئەدەبیاتی سەردەم (کلاسیک یان مۆدێرن)، ئەدەبیاتی زانستی، ئەدەبیاتی ئایدیۆلۆژیک، ئەدەبیاتی بیرکردنەوە و فەلسەفە، ئەدەبیاتی مێژوو و کەلتوور، سەرەتا ئەدەبیاتی ئەوروپا و دواتر ئەدەبیاتی ڕوسیا دێتە پێش. ئەم ئەدەبیاتە بەهێزەی ئەوروپا و ڕوسیا، لەدوای ڕۆنسانس و ڕیفۆرمی ئەوروپا دەستی پێکردووە و بەرینی جیهانی گرتووە. (باپیرانمان بۆ ڕووسیا هەمیشە وتوویانە «ئووریس»). لەدوای ئەوروپا و ڕوسیا، نۆرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. لەناو ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەدەبیاتی کوردی ئەدەبیاتێکی زۆر بەهێزە، بەڵام بەداخەوە ئەدەبیاتی کوردی لە بازاڕی جیهاندا بێدەنگ، بێکاریگەری و لاوازە.

ئەدەبیات و خوێندنەوەی کتێب کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر هۆشیاری و تێگەیشتنی مرۆڤ. ئەو کەسانەی زۆر کتێب دەخوێننەوە، لەبارەی تێگەیشتن، قسەکردن و وەڵامدانەوەشدا پێشدەکەون. دەبنە خاوەنی پێشکەوتنێکی قوڵ و بەرین لە بیرکردنەوە، ڕوانگە و لێکدانەوەدا. دەبنە خاوەنی زانیاری لەسەر کەلتووری گەلانی جۆراوجۆری جیهان. بە خوێندنەوە، جوگرافیا، نەخشەی جیهان و کیشوەرەکانی جیهان دەناسن. بە خوێندنەوە لە مێشکی مرۆڤدا فەرهەنگێکی دەوڵەمەند جێگیر دەبێت. لەبەر ئەوە پێویستە هەموو کەسێک بەهایەکی تایبەت بە ئەدەبیات بدەت و ئەدەبیاتی وڵاتی خۆی و ئەدەبیاتی جیهان بخوێنێتەوە.

ئێمە کورد کەلتووری ئەوروپا و ڕوسیا باش دەناسین. ناسینی کەلتووری ئەوان، بێگومان هۆکاری سەرەکییەکەی ئەدەبیاتی ئەوانە. ناسینی ئەدەبیات و کەلتووری هەموو ناوچەکانی جیهان بێگومان پێویستە. بەڵام لەم بارەیەوە مەترسی و خراپییەکی قوڵ و بێدەنگ دەچێتە ناو گەلەکەمان و مێشکی گەلەکەمانەوە، ئەویش دەبێتە جۆرێک لە توانەوەی خۆبەخۆ (ئاسیمیلاسیۆنی خۆکار). چونکە ئێمە بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی جیهان بە زمانی خۆمان نا، بەڵکو بە زمانی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان دەخوێنینەوە. بەم توانەوە شاراوەیە، زمانی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان زیاتر لە زمانی خۆمان لە مێشکماندا جێگیر دەبێت. لە مێشکماندا زمانی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان پێشدەکەوێت، زمانی خۆمان لەبیرمان دەکەوێت و ئێمە لە بواری خوێندنەوە بە زمانی خۆماندا تووشی گرانی و گرفت دەبین. ئەگەر بتوانین وەرگێڕانی زمانانی بیانی بۆ زمانی خۆمان بکەین، بێگومان ئەو کارە ڕێگری دەکات لە توانەوەی خۆبەخۆی خۆمان.

لەم بارەیەوە گرنگی وەرگێڕانی کتێب دەردەکەوێت. بەداخەوە لە بواری وەرگێڕانی کتێبدا ئێمە بوونمان نییە. نە بەرهەمی کوردی بۆ زمانەکانی بیانی وەردەگێردرێت و نە بەرهەمی بیانی بۆ زمانی کوردی. لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، دۆخ هەمان دۆخە. وەرگێڕان بەقەدەر پەنجەکانی دەست کەمن، ئەویش بەداخەوە بە شێوەزار و لەھجەی جۆراوجۆر دەکرێن. لەبەر ئەوە فەرمیبوونی زمانی کوردی بەقەدەر ئازادی کورد و کوردستان گرنگە. هەتا زمانی کوردی نەبووبێتە زمانی فەرمی، ئەم کارانەی ئێمە باسیانمان دەکەین بەسەرکەوتوویی ناکرێن.

ئەمڕۆ جیهان ئێمە بە شۆڕشی ئازادی و شۆڕش لە دژی دینپەروەری و کۆنەپەرستی دەناسێت. بەڵام ئەمە بەس نییە و تێر نییە. هەروەک ئێمە کەلتووری گەلانی جیهان لە ڕێگەی ئەدەبیاتیانەوە دەناسین، پێویستە جیهانیش لە ڕێگەی ئەدەبیاتمانەوە، ئێمە و کەلتوورمان بناسێت. بەداخەوە دەتوانین بڵێین ئەدەبیاتی کوردی لە جیهان و ئاستی نێودەوڵەتیدا بوونی نییە. جێی داخ و خەفەتە کە نەبوونمان لە بواری ئەدەبیاتدا لە جیهان و ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئێمە لە جیهان و ئاستی نێودەوڵەتی جیا دەکاتەوە و ئێمە وەک بوونێکی نامۆ دەردەخات.

لە بواری ئەدەبیاتدا، ئێمە نووسەرانی کورد بێ پشتیوانین. نووسینی هەر بەرهەمێک ماندووبوونێکی زۆر گەورەیە. بارگاوی ئەدەبیات لەسەر شانی نووسەرانی دڵسۆز و خۆبەخشین. ئەم بارگاوییە بۆ نووسەرانی دڵسۆز و خۆبەخش لە بواری ئابووری و کارکردنیشدا بارگاوییەکی زۆر قورسە. ناوی ئەم بێخاوەنیتییە؛ نەفەرمیبوونی زمانی کوردی و بێدەوڵەتییە.

ئێمە لە ناوەوەدا، لە بواری ئەدەبیاتدا لاواز نین. ئەدەبیاتی کوردی جا ئەدەبیاتی کۆن بێت جا ئەدەبیاتی سەردەم (کلاسیک یان مۆدێرن) ئەدەبیاتێکی زۆر بەهێزە. کێشەکە نەبوونی وەرگێڕانە. من دڵنیام کاتێک وەرگێڕان بکرێت، ئەدەبیاتی کوردی لە جیهان و ئاستی نێودەوڵەتیدا شوێنێکی باش و کاریگەر دەگرێتەوە. چونکە، جا بە جوگرافیای خۆی و جا بە تایبەتمەندی کەلتووری خۆی، ئێمە خاوەنی کەلتوورێکی کۆن و دەوڵەمەندین، کەلتوورێک کە لە کەلتووری هەموو گەلانی جیهان جیاوازە. من هەتا ئێستا نەمبیستووە بەرهەمێکی ئەدەبیاتی کوردی بۆ زمانەکانی ئەوروپی و زمانەکانی گەلانی جیهان وەرگێڕدرابێت، بەڵام بیستوومەتە کە کتێبەکانی ئەدەبیاتی جیهان بەقەدەر پەنجەکانی دەست لە زمانەکانی بیانییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.

ئەمڕۆ لە کتێبخانەکانماندا، کتێبەکانی ئەدەبیاتی جیهان شوێنێکی گەورەیان گرتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە زمانی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان جێگیر بوونەتەوە. من هەمیشە ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم، ئەدەبیاتی کوردی چۆن دەتوانێت بچێتە ناو ئاستی جیهانی، وەڵامەکەشم دەبێتە فەرمیبوونی زمانی کوردی. هیوادارم هەموو کوردێک داوای فەرمیبوونی زمانی کوردی لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی وڵات بکات. دووبارە دەڵێم، فەرمیبوونی زمانی کوردی بەقەدەر ئازادی کورد و کوردستان گرنگە و من دڵنیام کە فەرمیبوونی زمانی کوردی لە داهاتوودا دەبێتە بنەمای ئازادی کورد و کوردستان.

بۆچوونەکانی ئەم نووسینە هی نووسەرەکەیەتی؛ لەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی بڵاوکردنەوەی Rastinews بگونجێت یان نەگونجێت. Rastinews پلاتفۆرمێکی ئازادە و بەرەوڕووی بۆچوونی جیاواز کراوەیە.

بڵاوی بکەرەوە

لێدوانەکان

لێدوان بنووسە

خوێندنەوەی زیاتر

    ڕەمەزان باکور: کورد و ئەدەبیاتی جیهان — Rastinews