ڕەمەزان باکوور: داگیرکاری و زمان

Rastinewsلە مێژووی جیهاندا، داگیرکەران هەمیشە زمانی نەتەوە ژێردەست و ستەملێکراوەکانیان کردووەتە ئامانج. زمانیان قەدەغە کردووە و زمانی خۆیان بەسەر ستەملێکراوەکاندا سەپاندووە. لەم سەردەمەدا، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە فەرمی زمانی دەستکرد، زمانی سەپێنراو و زمانی سروشتی هەیە. ئەمڕۆ لەنێو زۆربەی نەتەوەکاندا زمانی فەرمی ئەو زمانە سروشتییەیان نییە. لە دەوڵەتە فرەنەتەوەییەکاندا فرەزمانی و زمانی جیاواز هەیە، هەروەها لە جیهاندا زۆر دەوڵەتی نەتەوەیی هەیە کە زمانی سروشتی خۆیان بە فەرمی ناسراوە. شتێکی پڕ ئازار و خەمگینییە کە لە هەندێک وڵاتدا زمانی فەرمی زمانی داگیرکەر و خوێنمژەکانە. بەڵام بەداخەوە ژیان بە هەموو ئەم نایەکسانی و بێدادییەوە بەردەوامە.
لە مێژووی پێش زایین، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەم جار دەوڵەتی ئاشور زمانی ئەو نەتەوانەی خستبووییە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە قەدەغە کرد. ئەو نەتەوانەی خستبووییە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە ڕاپێچ کران و شوێن و پیرۆزگای ئایینی و کولتوورییان کرایە شوێنی ئایین و کولتووری خۆیان. بۆ نموونە: لە شاری ماردین کڵێسایەک بە ناوی دێرولزەعفەران و لە شاری شرنەخ، لە ناحیەی حەزەخ، کڵێسایەک بە ناوی دێرولعومور (بە زمانی سریانی مانەستێری مۆرگابرییل). هەردوو ئەم کڵێسایانە پێش زایین شوێنی بڕوای ڕۆژپەرستان بوون، واتە ناوەندی ئاینی زەردەشتی بوون. لە ژێرزەمینی ئەم کڵێسایانەدا گۆڕەپانی تایبەت بۆ بەرەوپیری هەڵاتنی ڕۆژ هەیە. ئاشوریەکان لەو سەردەمەی دەسەڵاتیاندا، ئەو شوێنانەیان کردە ناوەند و شوێنی بڕوای خۆیان. هێشتا وەک کڵێسا یان مانەستێر بەکاردێن و بوونەتە شوێنی ناودار بۆ گەشتیاری.
لەو سەردەمەوە هەتا ئێستا، داگیرکەران زمانی وڵاتە داگیرکراوەکانیان قەدەغە کردووە و زمانی خۆیان بەسەریاندا سەپاندووە. وەک ئەمڕۆ داگیرکەرانی وڵاتی داگیرکراوی ئێمە، زمانی ئێمەیان لێ قەدەغە کردووە. بەڵام بەم نایەکسانی و بێدادییانە هیچ زمانێکی کۆن لەناوچوو و لەناوناچێت. هەموو کاتێک بەرگری لە خۆی کردووە و بەرگری دەکات. وەک ئەمڕۆ ئێمە بۆ زمانی خۆمان بەرگری دەکەین. هەرچەندە فشار و زۆرداری لەسەر زمانمان هەبێت و لە باکووری کوردستان مەترسی لەسەر زمانەکەمان هەبێت، زمانەکەمان نامرێت و دەمێنێتەوە. چونکە زمانمان لە چوار دەوڵەتدا و زۆر شوێنی جیهاندا قسەی پێ دەکرێت. کاری ئەدەبی و زانستی پێی دەکرێت.
ئێستا چەند نموونەیەک لەو وڵاتانە دەخەمە ڕوو کە تێیاندا زمانی فەرمی زمانی خۆیان نییە، بەڵکو زمانی داگیرکەر و خوێنمژەکانیانە. لە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقادا زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و پورتوگالی بە فەرمی ناسراون. وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەڕەنسا و پورتوگال لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا زمانی خۆیان بەسەر وڵاتانی ئەفریقادا سەپاند. بۆ نموونە: لە نایجیریا و غانا زمانی فەرمی ئینگلیزییە، لە سینیگال زمانی فەرمی فەڕەنسییە، لە مۆزەمبیک زمانی فەرمی پورتوگالییە. بەڵام لەم وڵاتانەدا، گەلان بە زمانی ڕەسەنی خۆیان قسە دەکەن. هێشتا لە هیندستانیش لە فەرمیدا زمانی ئینگلیزی بەکاردێت.
لە جیهاندا زمانی نوێکراوە و دەستکراویش هەیە. زۆربەی زمانە نوێکراوەکان زمانی وڵاتانی ئەوروپان. بۆ ئەوەی زمانی خۆیان سووکتر و ئاسانتر بکەن، دامودەزگای زمانی ئەو وڵاتانە کاریان لەسەر زمان کردووە. بۆ زمانە دەستکراوەکان دەتوانین دوو نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زمانی فارسی و زمانی تورکی، زمانێکن کە لە زمانی وڵاتانی دەوروبەریان دروستکراون. زمانی فارسی لەڕووی وشەوە لە سێ زمان دروستکراوە. زمانی فارسی لە زمانی کوردی، عەرەبی و توركمانی دروستکراوە. زمانی تورکیش، لە کوردی، عەرەبی و توركمانی دروستکراوە. بە تایبەتی دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا، دامودەزگای زمان (Türk Dil ve Tarih Kurumu) کاری لەسەر زمان کردووە و تورکیای ئەمڕۆ دروستکراوە.
کاتێک مرۆڤ سەیری مێژووی ئەدەبیات دەکات، لە مێژوودا بە زمانی تورکیای ئەمڕۆ کارێکی ئەدەبی نەکراوە و بەرهەمێک بە زمانی تورکیای ئەمڕۆ دروستنەکراوە و چاپ نەکراوە. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، لە بواری ئەدەبیاتدا زمانێکی تایبەت بەکارهێنراوە و بەرهەم دروستکراون. لە سەردەمی عوسمانیدا نووسەرانی وەک نەفی، نابی و باقی هەموویان زمانێکی تایبەتیان بەکارهێناوە و ئەمڕۆ لە تورکیا ئەو زمانە پێی دەڵێن زمانی عوسمانی (عوسمانلیجا). خوێنەرانی تورکیا لەم سەردەمەدا لەو زمانە عوسمانییە تێناگەن.
شتێکی شانازییە کە ئێمە کورد لە سەردەمانی ڕابردوودا بە زمانی خۆمان کاری ئەدەبیمان کردووە و ئەمڕۆش بەبێ دەوڵەت بە زمانی خۆمان کاری ئەدەبی دەکەین، بەرهەم دروست دەکەین و چاپی دەکەین. هەروەها لەنێو گەلەکەماندا هەڵوێستێکی باش بۆ پاراستن و بەکارهێنانی زمان هەیە. نەتەوەپەروەرەکانمان بەهایەکی زۆر بە قسەکردن و پاراستنی زمانی کوردی دەدەن. من باوەڕم وایە و هیوادارم زمانی کوردی لە داهاتوودا ببێتە زمانێکی فەرمی.
بۆچوونەکانی ئەم نووسینە هی نووسەرەکەیەتی؛ لەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی بڵاوکردنەوەی Rastinews بگونجێت یان نەگونجێت. Rastinews پلاتفۆرمێکی ئازادە و بەرەوڕووی بۆچوونی جیاواز کراوەیە.
