ئەڵمانیا دەسەڵاتی دەزگا هەواڵگرییەکانی زیاد دەکات
حکومەتی فیدرالی ئەڵمانیا یاسایەک پەسەند کرد کە دەسەڵاتی دەزگا هەواڵگرییەکان زیاد دەکات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی وەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکدار، هێرشی سایبەری سەر کارگەی وزە و سیخوڕی دژی کۆمپانیای پیشەسازی بەرگری.

Rastinewsحکومەتی فیدرالی ئەڵمانیا پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو دەزگا هەواڵگرییەکان دەسەڵاتی زیاتریان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی بەربەستکەرانە بدەنەوە بە هەڕەشەی گۆڕدراوی سەردەم، وەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکدار، هێرشی سایبەری سەر کارگەکانی وزە و چالاکی سیخوڕی کە کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری دەکەونە بەر ئامانج.
ئەمانەن وردەکارییەکانی ئەم بابەتە کە حکومەت بە تایبەتی مەبەستی لێی دەستێوەردانی چالاکانەیە دژی هەڕەشەکانی دەرەوەی وڵات:
حکومەت ئامانجی چییە؟
ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی بیلد راگەیاند: «ئێمە دەزگا هەواڵگرییەکانمان دەگۆڕین بۆ دەزگای هەواڵگری ڕاستەقینە». دۆبرینت وتی: «پێویستمان بە هەنگاوناندنی خێراییە بۆ ئەوەی لە جیهاندا لەگەڵ ئەو دەزگایانەی کە هاوکاریمانن، بتوانین ڕکابەری بکەین و لە هەمان ئاستدا بین. بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی کاراتر دژی تیرۆری دەوڵەتی مۆدێرن و گروپە توندڕەوەکان بجەنگین، پێویستیمان بە توانای ئۆپەراسیۆنی و دەسەڵاتی چالاکانەیە».
بۆ مارک هێنریشمان، سەرۆکی کۆمیتەی چاودێری دەزگا هەواڵگرییەکانی پەرلەمانی فیدرالی، دوای «گۆڕانکارییەکی مێژوویی» لە بواری سەربازیدا، ئێستا کاتی ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکی هاوشێوە لە دەزگا هەواڵگرییەکانیشدا ڕووبدەت.
هێنریشمان لە وتووێژێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرانسی پرێس (AFP) وتی ئەڵمانیا «لە ناوەڕاستی ململانێیەکی هایبرید لەگەڵ ڕووسیا و لایەنەکانی دیکەدایە»، بۆیە حکومەت پێویستە دەزگا هەواڵگرییەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنێت، بۆ ئەوەی هەڕەشە پێش وەختێک دەستنیشان بکرێت و لەناوبچێت.
دەزگاکان چ دەسەڵاتی نوێیان دەبێت؟
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا هەتا ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی تەنها کۆکردنەوەی زانیاری کردووە. لەمەودوا وەک دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە، دەسەڵاتی «ئۆپەراسیۆنی»یشیان دەبێت بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان. لەم چوارچێوەیەدا بە تایبەتی جەختی لەسەر دەسەڵاتی لەناوبردنی سیستەمی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) کراوەتەوە کە سەرچاوەی هێرشی سایبەرین.
هەروەها دەزگای هەواڵگری فیدرالی (BND)، کە دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئەڵمانیایە، لە کاتی ململانێ یان بەرگری یاخود لە دۆخی هەڕەشەی تایبەت، دەتوانێت لە دەرەوەی وڵات کاری سابۆتاژ بکات.
بە گشتی، BND و دەزگای پاراستنی دەستوور (Verfassungsschutz)، کە دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی ئەڵمانیایە، لەمەودوا دەتوانن هێرشی سایبەری بۆ گۆڕین یان سڕینەوەی داتا ئەنجام بدەن. بۆ نموونە، ڕێبەری و ڕێنماییەکانی دروستکردنی چەک دەتوانرێت تێکبچێت.
ئایا BND دەتوانێت لە دەرەوەی وڵات توندوتیژی دژی کەسانیش بەکاربهێنێت؟
بە بنچینەیی نەخێر. تەنانەت لە دۆخی هەڕەشەیەکی دیاریکراویشدا، بەپێی بڕگەی 51ی یاسای BND، «ڕێوشێوازە هەواڵگرییە فراوانکراوەکان» نابێت ئامانجی گیان و تەندروستی جەستەیی کەسان بگرنە بەر. لەم ڕوانگەیەوە، BND هێشتا زۆر لە دەسەڵاتەکانی CIAی ئەمریکا، مۆسادی ئیسرائیل یان DGSEی فەرانسا دووردەکەوێتەوە.
بەڵام ئەوەی لەم ڕیفۆرمەدا نوێیە ئەمەیە: کارمەندانی BND، ئەندامانی هێزی چەکداری ئەڵمانیا یان پۆلیسی فیدرالی، لەمەودوا پێویستیان بە ڕێگەپێدانی ڕاشکاوانە نابێت بۆ بردنی چەک بۆ دەرەوەی وڵات. بۆ ئەم مەبەستە یاسای کۆنترۆلی چەکی جەنگی دەگۆڕدرێت. بەڵام ئەوەی سەرەکی لێرەدا مەبەستپێکراوە، زیاتر پاراستنی خودی کارمەندانەکانە.
لەبارەی کۆکردنەوەی داتا چی پلاندراوە؟
دەسەڵاتی کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی داتای هەردووکیان، BND و دەزگای پاراستنی دەستوور، لە یاسای نوێدا فراوان دەکرێت. ئەمە هەڵسەنگاندنی کۆمەڵە داتای گەورە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و هەروەها یەکخستنی داتای بایۆمەتریک لەگەڵ ئینتەرنێت دەگرێتەوە. ماوەی هەڵگرتنی داتاش بەشێوەیەک درێژتر دەکرێتەوە.
لە پاکێجی یاسایی کە زیاتر لە 730 پەڕەیە، دەسەڵاتەکانی پەیوەندیدار بە ڕێوشێوازە کێشەدارەکانی وەک گەڕانی ئۆنلاین، بیستکردنی ناوماڵ و دروستکردنی پرۆفایلی بزوتنەوەی کەسان، بە وردەکاری زۆریش دووبارە ڕێکدەخرێنەوە.
لە چاودێریکردنی دەزگا هەواڵگرییەکاندا چی دەگۆڕدرێت؟
چاودێری دەزگا هەواڵگرییەکان لە شێوەیەکی شبیهی دادگا کۆدەکرێتەوە: ئەنجومەنی سەربەخۆی چاودێری.
ئەم دەزگایە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای دەستووری فیدرالی سەبارەت بە چاودێریکردنی هەواڵگری تەکنیکی BND، لە ساڵی 2022دا دامەزرا و لە چوارچێوەی ئەم ڕیفۆرمەدا، مافی چاودێری فراوانتری بۆ BND و دەزگای پاراستنی دەستوور دەبێت.
دەسەڵاتی چاودێریکردنی کۆمیتەی چاودێری پەرلەمانتاری پەرلەمانی فیدرالی بەسەر دەزگا هەواڵگرییەکانەوە، کاریگەری لەسەر نابێت.
کەسێک لە ژوورێکی تاریکدا، لە ڕێگەی چەندین شاشەوە، وێنەی کامێراکانی ئاسایش چاودێری دەکات.
بۆچی بەرپرسی پاراستنی داتا ڕەخنە دەگرێت؟
لویزا شپێخت-ڕیمنشنایدەر، بەرپرسی پاراستنی داتای حکومەتی فیدرالی، ڕەخنە لە کوتایی هێنان بە چاودێریکردنی دەزگاکەی بەسەر BND دەگرێت کە بەهۆی ئەم ڕیفۆرمە ڕووی دەدات. لەم دۆخەدا، کەسانی پەیوەندیدار تەنها بەشێوەیەکی زۆر سنووردار دەتوانن بزانن دەزگا هەواڵگرییەکان چۆن داتای تایبەت بەوان بەکاردەهێنن.
شپێخت-ڕیمنشنایدەر هەروەها ڕازی نییە بەوەی کە دەزگای پاراستنی دەستوور و BND لەمەودوا دەتوانن دەستیان بگات بە سیستەمی کامێرای چاودێری گشتی و تایبەت کە لە شوێنی گشتیدان، و دەڵێت هەڵگرتنی داتای کەسی بۆ ماوەیەکی نادیاری، پێچەوانەی دەستووریشە.
ڕەخنەی دیکەش هەن؟
لەگەڵ پارتی سەوزان و پارتی چەپ کە لە ئۆپۆزیسیۆنن، یاسای نوێ، بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکان و پۆلیس پێشێل دەکات.
ئەم بنەمایە وەک وانەیەک لە سەردەمی نازیزمدا وەرگیراوە، کاتێک پۆلیسی نهێنی دەوڵەت (گشتاپۆ) بە دەسەڵاتی فراوانی خۆی، بەبێ بەزەیی دژی دوژمنانی سیاسی، جولەکەکان و گروپەکانی دیکە دەجەنگا.
کۆمەڵەی مافی ئازادی (GFF) ئاگاداری لە «دەسەڵاتی زۆر زیادبووی دەزگا هەواڵگرییەکان» دەداتەوە.
کای دیتمان، نوێنەری GFF، لە وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕایینیشە پۆست وتی حکومەت بە دانی «بەکارهێنانی فراوانکراوی بەرنامەی سیخوڕی، شیکاری زیرەکی دەستکرد بەبێ هیچ ڕێوشێوازی پاراستنی بەهێز، دەستگەیشتن بە کامێرای تایبەتی و تەنانەت دەسەڵاتی هێرشی گەڕاوە (hackback)» بە BND و دەزگای پاراستنی دەستوور، ڕێگە بەم دوو دەزگایە داوە بتوانن دەستێوەردانی قوول لە مافەکانی بنەڕەتی خەڵکدا بکەن.
بەپێی دیتمان، ئەم پرۆژە یاسایە کە «بەشێکی زۆری پێچەوانەی دەستوورە»، پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتییە.
/DW/
